سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە تورکیا و سوریا ٤٥ هەزاری تێپەڕاند

PM:04:54:18/02/2023

928 جار خوێندراوەتەوە

لەئەنجامی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و پێشبینیدەکرێت ژمارەکەش بەرزبێتەوە. هاوکات، ژمارەیەک هاوڵاتی تائێستا بێسەروشوێنن.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا گەیشتووەتە ٣٩ هەزار و ٦٧٢ کەس و لە سوریاش زیاتر لە پێنج هەزار و ٨٠٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەی گیانلەدەستدان لە سوریا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای ١١ رۆژ لە روودانی بومەلەرزەکە تیمەکانی فریاگوزاری رۆژی هەینی سێ کەسیان بە زیندوویی لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکانی تورکیا رزگارکرد.

باسی لەوەشکردووە، تیمی ئاگرکوژێنەوەی ئەستەنبوڵ رایگەیاندووە، دوای ٢٧٨ کاتژمێر لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، هاکان یاسینئۆغڵو، تەمەنی ٤٠ ساڵە، لە باشوری پارێزگای هاتای رزگارکرا. پێشتریش عوسمان حەلەبیەی تەمەن ١٤ ساڵ و مستەفا ئاڤچی تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری عەنتاب رزگار کران.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٦ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکانی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند و زیاد لە ٤٠ هەزار کەس گیانیان لە دەستدا و نزیکەی شەش هەزار باڵەخانە رووخان.













گەلەری