سەردێڕ:

لەبارەی بومەلەرزەکەوە؛ تەندروستی جیهانیی داوایەک ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

AM:08:40:18/02/2023

2788 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بڕی ٨٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ رووداوی بومەلەرزەکە پێشکەش بە تورکیا و سوریا بکرێت.


لەڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی تەندروستی جیهانیی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەرچی زووە هاوکاری دارایی بەبڕی ٨٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار پێشکەش بە قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا بکرێت. لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، پێویستە کەرەستە و چارەسەرە پێویستییە پزیشکییەکان دابین بکرێت.

رێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، پاڵپشتی و گەیاندنی هاوکارییەکان خۆی لە دابینکردنی چارەسەر و هۆکارە تەندروستییەکاندا دەبینێتەوە ئەمەش جگە لەدابینکردنی چەندین ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی خێرا (ئەمبوڵانس) و پێشکەشکردنی فریاگوزاریی خێرای پزیشکی بە برینداران.

داواکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانی ٦ی شوبات بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی ٧.٨ پلە بەپێی پێوەری رێختەر ناوچەکانی باشور و باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری سوریای هەژاند لە پێشنیوەڕۆی هەمان رۆژدا بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٧.٥ پلە روویدا و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس و گەیاندنی زیانێکی ماددی زۆر بە ژێرخانی ئابوری هەردوو وڵات.













گەلەری