زۆر کەس لەکاتی دانانی وشەی نهێنی بۆ هەژمارەکانیان دوای ماوەیەک بیریان دەچێتەوە و کێشەیان بۆ دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیایەکی ئەلکترۆنی چارەسەری بۆ ئەو کێشەیە دەدۆزێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز عەرەبی، کۆمپانیایی AgileBits چارەسەرێکی دۆزیوەتەوە و ئاشکرایکردووە هاوینی داهاتوو ئەم تەکنەلۆژیایە تاقیدەکرێتەوە و ناوییان لێناوە "پەنجەمۆری بایۆمەتری" و بە " passkey" ناسراوە.
ئەم تەکنەلۆجیایە یارمەتی بەکارهێنەران دەدات بتوانن پاسۆرد و زانیارییە هەستیارەکانیان لە شوێنێکدا هەڵبگرن و بە" virtual vault ناسراوە و تایبەتە بەڕێوەبردنی وشەنهێنییەکان، تەکنەلۆجیاکە بە "پەنجەمۆری بایۆمەتری" کاردەکات و بەکارهێنەر دەتوانێت بچێتە ناو بەرنامەکەوە و پاسۆردەکان دابنێت بەبێ ئەوەی هەموو جارێک بیاننووسێتەوە.
لەکاتی چوونەناو بەرنامەکەوە تێبینییەک دەردەکەوێت کە بەکارهێنەر ئاگاداردەکاتەوە کە دەتوانێت لەڕێگەی تەکنەلۆجیا نوێیەکەوە پاسۆردەکەی بیری بهێنێتەوە و داخڵی بکات.
کۆمپانیاکەش دڵنیایی داوەتە بەکارهێنەرانی کە ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە ئەستەمە هاک بکرێت و ئاسانکاری دەکات بۆ بەکارهێنەرانی، هەروەها دەتوانن بەتەواوەتی خۆیان لە پاسۆرد داخڵکردن رزگاربکەن.
ر.ئ