ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر نرخی نەوت بەو ئاستەی ئێستا و سەرو ٦٥ دۆلار بمێنێتەوە، حکومەت دەتوانێت لە بودجەی ٢٠٢٢، دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەرجەم بوارەکاندا بکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، مانەوەی نرخی نەوت بەو ئاستەی ئێستا هەلی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر نرخی نەوت لە سەرو ٦٥ دۆلار بمێنێتەوە، لەوانەیە دەرفەت بە حکومەت
بدات لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢دا بواری دامەزراندن بکاتەوە.
ئەوەشی خستوتەڕوو، لە پڕۆژە یاسای ٢٠٢٢دا پلانیان بەو شێوە و ئاڕاستەیە
داناوە و ڕەشنووسی پڕۆژەکەش تەواو بووە.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایى باسی لەوەشکرد، پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی
راوێژکاری ئابووری دەکرێت بە مەبەستی وردبینی و لێکۆڵینەوە لێی، بەڵام خولی
داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەکات و جێگیری دەکات.
پڕۆژە یاساکە تائێستا بۆ حکومەتى عێراقە و دیار نییە کە ئایا حکومەتى هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێدەکات یان نا.