سەردێڕ:

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا سیستمی بەرگری ئاسمانى چالاککرد

PM:01:32:04/09/2021

7660 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی کارپێکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی C-RAM لەکاتی تاقیکردنەوەدا لەناو باڵێوزخانەدا لێدا.


بەگوێرەى چاوگە ئەمنییەکە "باڵیۆزخانەی ئەمەریکا سیستمی بەرگری C-RAM خستووەتەکار و چالاکی کردووە، هاوکات، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەسەربانی باڵیۆزخانەکە لەگەڵدا لێدراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی چالاککردنی سیستمەکە وەک تاقیکردنەوەیەک، بەرەو ئاسمان تەقەکراوە تا ئاستی توانای وڵامدانەوەی موشەک و هاوەن و هەر هێرشێکی دیکەی بزانرێت.

سیستمی C-RAM سیستمێکی بەرگری ئەمەریکییە پشت دەبەستێت بە رەشاشی شەش لولەیی کە دەتوانێت بسوڕێتەوە لە جۆری M-61ی ٢٠ مللیم و بە دووری سێ هەزار و ٥٠٠ مەتر گوللـە دەهاوێت.

سیستمەکە لە یەک خولەکدا دەتوانێت چوار هەزار و ٥٠٠ گوللـە بتەقێنێت و بۆ بەرگریرکردن لە موشەک و گوللـە هاوەن بەکار دەهێنرێت.

هاوکات، سیستمەکە راداری لەسەرە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی موشەکەکان لە ئاسماندا و دەستنیشانکردنی شوێنی هەڵدان و کەوتنەخوارەوەشیان، کە پشت بە هاوکێشە خوارزمییە بیرکارییە ئاڵۆزەکان دەبەستێت.













گەلەری