رۆژنامەی میدڵ ئیست ئای بڵاویکردووتەوە، لە ماوەی رابردوودا بەقاچاغبردنی دۆلار لە هەرێمەوە بەرەو تورکیا و دوبەی زیادی کردووە و رۆژانە زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دۆلار لە رێگای هەرێمەوە دەبرێتە دەرەوەی عێراق.
هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەکە لە دوو راوێژکاری محەمەد شایع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، عێراق چەند خاڵێکی نوێی پشکنینی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان زیادکردووە و توانیویەتی چەندان قاچاغچی دۆلاریش دەستگیر بکات.
ئەوەی خستووەتەڕوو، رێکارەکانی بانکی ناوەندی
ئەمریکا و عێراق بوونەتە هۆی ئەوەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆری دراو مامەڵە لەگەڵ هەموو
کەس نەکەن و ئەگەر کڕیارەکانیان ناسراو نەبێت دراویان پێنەفرۆشن و سەرجەم گروپەکانیان
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ئاڵوگۆڕی دراویان دەکرد لە ترسی دزەپێکردنی زانیاری
داخستووە، بەڵام سەرەڕای رێکارە توندەکان رۆژانە لایەنی کەم ٧٠ ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە
بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوەی عێراق.
باسی لەوەشکردووە، ئەو فشارانەی بانکی ناوەندی
ئەمریکا بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاندوویەتی بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی و دەرچوونی
نایاسایی دۆلار، بازاڕەکانی عێراقی ئیفلیج کردووە و بە شێوەیەکی بەرفراوان قاچاغچێتی
دۆلاری سنووردار کردووە.
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا بە
سنووردارکردنی ناردنی دۆلار بۆ عێراق فشارێکی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە دروستکردووە
و بەو هۆیەشەوە حکومەتی عێراق ناتوانێت بە ئاسانی ئەو دۆلارانەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی
دەکەوێت بیانگۆڕیتەوە بە دینار.
دەشڵیت، عێراق سەرەڕای ئەو رێکارانەی بانکی
ناوەندی هەوڵدەدات موچەی فەرمانبەران و خانەنشینی وڵاتەکەی دابەشبکات و چەند هەنگاوێکی
باشی ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناجێگیری نرخی دۆلار وەک کردنەوەی نووسینگەی فەرمی
زیاتری ئاڵوگۆڕی دراو و داڕشتنی پلانێک بۆ هاندانی بازرگانانی بچووک و وەبەرهێنەران
بۆ بەکارهێنانی دۆلار و لابردنی باج لەسەر هەندێک کاڵا، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو
نەبووە لە کۆنترۆڵکردنەوەی نرخی دۆلاردا.
لە راپۆرتەکەی میدڵ ئیست ئایدا ئەوەش هاتووە،
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کەمی ئاستی خستنەبازاڕییەتی و لە
مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین ئاستی فرۆشی رۆژانەی بانکی ناوەندی عێراق ١٣١ ملیۆن
دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە مانگی ١٢ـەی ساڵی رابردوودا ٢٢٧ ملیۆن دۆلار بووە.
رێککەوتنی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی
ئەمریکا کاریگەری بەرچاوی لەسەر نرخی دۆلار لە عێراقدا دانا، بەجۆرێک لە ماوەی ٣٠
خولەکدا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم ١٠ هەزار دینار کەمتربووەوە.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ماوەی رابردوودا
نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق ناجیگیری بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بانکی
ناوەندی ئەمریکاش بە گومانی بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ چەند رێکارێکی
توندی بەرامبەر بانکی ناوەندی عێراق گرتەبەر.
ئـ.کـ
هـ.ئـ