سەردێڕ:

فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ئێران 'بە هۆکارێکی نادیار' کۆچی دواییکرد

PM:02:25:03/09/2021

8908 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حەسەن فەیرۆز ئابادی سەرۆکی پێشووی هێزەچەکدارەکانی ئێران و راوێژکاری سەربازی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکردووە، بەبێ ئەوەی جۆر و هۆکاری نەخۆشییەکە ئاشکرابکات.


حەسەن فەیروز ئابادی سەرۆکی پێشووی هێزەچەکدارەکانی ئێران بووە و راویژکاری سەربازی عەلی خامنەیی بووە، لەبارەی هۆکاری مردنەکەشییەوە، رۆژنامەی "عەسر ئێران" ئاشکرایکردووە، هۆکاری مردنی ئەو فەرماندە باڵایە بۆ "توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە."

حەسەن فەروز ئابادی، تەمەنی ٧٠ ساڵان بووە، خەڵکی شاری مەشهەدی رۆژهەڵاتی باکوری ئێران بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی فیردەوسی لە مەشهەد بەدەستهێناوە و ساڵی ١٩٨٠ زانکۆی تەواو کردووە، بە کەسێکی نزیک لە عەلی خامنەیی ناسراوە.

ناوبراو، لە ساڵی ١٩٨٩ و لەتەمەنی ٢٧ ساڵیدا، پۆستی سەرۆکی دەستەی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەرگرت و تا ساڵی ٢٠١٦ لەو پۆستەدا مایەوە، دوای ئەویش محەمەد باقری پۆستەکەی وەرگرت.

دوای ئەوەی کۆتایی بە ئەرکەکەی وەک سەرۆکی هێزەچەکدارەکانی ئێران هات لە ساڵی ٢٠١٦دا، لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە وەک راواێژکاری باڵای سەربازی خامنەیی دەستنیشانکرا و دوایین پۆستیشی و پێش مردنی، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.













گەلەری