سەردێڕ:

ئەمریکا ٢٠ ساڵ لە ئەفغانستان شەڕی کرد.. زیانەکانی چی بووە؟

AM:09:00:03/09/2021

4708 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆی بڕاونی ئەمریکی بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە شەڕی ئەفغانستاندا نزیکەی هەشت تریلیۆن دۆلار و ٩٠٠ هەزار هاوڵاتی و سەربازی لە دەستداوە.


بەگوێرەی زانکۆی بڕاونی ئەمریکی، لە ماوەی ٢٠ ساڵی شەڕی ئەمریکادا لە ئەفغانستان نزیکەی هەشت تریلیۆن دۆلاری خەرجکردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەو شەڕەدا نزیکەی ٨٩٧ هەزار بۆ ٩٢٩ هەزار هاوڵاتی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیان سەرباز و شەڕکەری هاوپەیمانەکانی و شەڕەکەری ئۆپۆزسیۆن و مەدەنی و رۆژنامەنووس و کارمەندی خێرخوازی بوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێكی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، راستەخۆ لە مەیدانی جەنگ و روبەڕوبوونەوەدا گیانیان لەدەستنەداوە بەڵکو لە چەند حاڵەتێکدا بەهۆی نەخۆشی و کۆچکردن و کەمی خۆراك و ئاوەوە بووە.

کاسرین لۆتز مامۆستای زانکۆی بڕاون رایگەیاند، ''شەری ئەمریکا لە ئەفغانستان زۆر دوور و درێژ و ئاڵۆز و ناخۆش و سەرنەکووتووبوو، ٨٠ وڵاتیش بەشدارییان تیادا کردووە."

راشیگەیاندووە، کاری داهاتوویان لە ساڵانی داهاتوودا رۆشنبیریکردنی خەڵکی دەبێت دەربارەی رێگاکانی پاڵپشتی دارایی ئەو جۆرە شەڕانە و قەبارەی داراییەکەی.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."

لەکۆتایی مانگی رابردووەدا، ئەمریکا کشانەوەی تەواوی هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان راگەیاند و لە کۆتایی مانگی ئابدا دوایین فرۆکەی ئەمریکی وڵاتەکەی جێهێشت.













گەلەری