سەردێڕ:

روونکردنەوەى پاپاى ڤاتیکان لەبارەى دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستەکەى

PM:04:29:02/09/2021

4860 جار خوێندراوەتەوە

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، بیری لە دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی نەکردووەتەوە و لە ئێستادا تەندروستی زۆر باشە و بەشێوەیەکی ئاسایی ژیان بەڕێدەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی کوبی ئیسپانیا رەتیکردەوە دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە.

ئاماژەی بەوەدا، "نازانم ئەو راپۆرتە ئیتاڵییە هەفتەی رابردوو لە کوێوە ئەو هەواڵەی هێناوە کە گوایە بەنیازم دەست لەکاربکێشمەوە".

دەشڵێت، هەرگیز بیری لە کارێکی لەو جۆرە نەکردووەتەوە.

پاپا فرەنسیس ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆر نزیکە بەشداری بکات لە کۆنگرەی جیهانی لەبارەی گۆڕانی کەش وهەواوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەچێت لە گلاسگۆ لە مانگی تشرینی دووەم.

لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنەکەیدا، پاپا فرەنسیس سوپاسی ئەو پەرستارە ئیتاڵییەی کرد کە نەشتەرگەری قۆڵۆنی بۆ ئەنجامداوە تا چیدیکە دەرمانی دژە هەوکردن زۆر بەکارنەهێنێت.

وتیشی، "سوپاسی ئەو پەرستارە دەکەم، ژیانمی رزگارکرد".

ئەمە لەکاتێکدایە، پاپا فرەنسیسی تەمەن ٨٤ ساڵ لە ٤ی تەمموزی ئەمساڵدا نەشتەرگەری قۆڵۆنی بۆ کرا و دواتر گرفتی تەندروستی بۆ دروست بوو.













گەلەری