سەردێڕ:

دارایى پەرلەمان مشتومڕى گەڕانەوەى نرخى دۆلار بۆ بەهاى جارانى یەکلایى کردەوە

PM:02:43:02/09/2021

152460 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مشتومڕی گەڕانەوەی نرخى دۆلاری ئەمەریکی بۆ بەهای جارانی یەکلاکردەوە و جەختیکردەوە، نرخەکەی بەهەمان نرخی ئێستا لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جێگیردەکرێت.


فەیسەڵ عیساوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، چاوخشاندنەوە و گفتوگۆکردن لەسەر دابەزاندنی دۆلار بەرامبەر دینار کارێکی ئەستەمە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ''ناکرێت بەهای دۆلار لە پڕۆژە یاسای ٢٠٢٢دا بکرێتەوە بە هەمان نرخی پێشووی".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەتی عێراق لەژێر ڕۆشنایی نرخی ئێستای دۆلاردا نەخشەى ئابووری وڵاتی بۆ ساڵی داهاتوو داڕشتووە و ناکرێت نرخەکەی دەستکاری بکرێت.

باسی لەوەشکردووە، ئەو نرخی ئێستای دۆلار سودی زۆری هەبوو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پڕۆژە یاسای ٢٠٢١ و بووەتە بەشێك لە سیاسیەتی نەختینەى ئێستای حکومەت.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٤٥ هەزار دینار جێگیرکرا.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بە ١٤٥٠ دیناری عێراقی و بەهای هەر بەرمیلێك نەوتی بە ٦٥ دۆلار جێگیرکرد.













گەلەری