سەردێڕ:

لە رووداوێکدا لە رۆژھەڵاتی کوردستان ١٤ کەس گیانیانلەدەستدا

PM:01:57:02/09/2021

4768 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سەر بە زانکۆی پزیشکی سنە رایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێک لە سەر رێگەی مەریوان – کامیاران ١٤ کەس گیانیانلەدەستدا و ھەشت کەسی دیکەش برینداربوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەزا پیرا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سەر بە زانکۆی پزیشکی سنە بە ئاژانسی ھەواڵی فارسی وڵاتەکەی راگەیاند، لە سەر رێگەی مەریوان- کامیاران و لە نزیک گەردەنەی تفین پاسێک وەرگەڕاوە و کەوتوەتە ناو دۆڵێکەوە.
ئەوەشی خستەڕوو،  لە ئەنجامی رووداوەکە ١٤ کەس گیانیانلەدەستدا و ھەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ھاوڵاتییانە خەڵکی گوندی پیرسەفای مەریوان بوون و بەنیازی سەردانیکردنی زیارەتگای وەیسی قەرەنی لە نزیک پارێزگای کرماشان گەشتیان کردبوو.
ھاوکات، بەڕێوەبەری پۆلیسی کوردستان بە ئاژانسی ھەواڵی فارسی راگەیاند، لە ئێستادا دۆسییە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی پارێزگای سنە، لە چوار مانگی ئەمساڵدا، ١٤٢ کەس بەھۆی رووداوەکانی ھاتووچۆوە گیانیانلەدەستداوە. ھاوکات، رێگەی سەرەکی نێوان مەریوان – کامیاران بە یەکێک لەو رێگایانەی رۆژھەڵاتی کوردستان دادەنرێت کە زۆرترین رووداوەکانی ھاتووچۆی تێدا روودەدەن.

کـ ، ئـ












گەلەری