سەردێڕ:

لێدوانى نوێی ئەمەریکا لەبارەی ئەگەرى کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق

AM:11:39:02/09/2021

12404 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک رایگەیاند، ئەفغانستان وەک عێراق و سوریا نییە، ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان تەواوبووە و دەشڵێت، "هێزەکانیان لە عێراق و باکوری سوریا (رۆژئاوا) دەمێننەوە".


جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی حوڕەى ئەمەریکى رایگەیاند، عێراقییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دڵنیادەکەینەوە، ئەوان هاوبەشی ئەمەریکان لە جەنگ دژی داعش.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق و سوریا هەیە؟ جۆی هود ئاماژەی بەوەدا، "دەمەوێت زۆر راشکاوانە قسە بکەم، ئەفغانستان عێراق و سوریا نییە".

وتیشی، عێراق وڵاتێکە هاوشێوەی نییە، یەکێکە لەو وڵاتانەی فرە پێکهاتەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەگەڵ ئەمەریکادا بەرژەوەندی بەردەوامییان هەیە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکەکانیان لە ئەفغانستان تەواو بووە. بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق بەردەوامە، بەرژەوەندییەکانیش تەنها دۆسییەی ئەمنی نییە، بەڵکو هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و سوریای دیموکراتە بۆ شکسپێهێنانی داعش.

جۆی هود باسی لەوەشکرد، "بەرژەوەندی زۆرمان هەیە و بەردەوامدەبین لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و کلتوری و پەروەردە. زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن".

وتیشی، "زیاتر لە ١٦٠ ملیار دۆلار لە بازرگانی کاڵادا دەستاودەستی پێدەکرێت، جگە لە خزمەتگوزاری و کەرتی نەوت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئایا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق و سوریا دەکشێنێتەوە؟ جۆی هود ئاماژەی بەوەدا، "سەرۆک بایدن زۆر رون قسەی کرد لەوەی هێزەکانمان لە عێراق و سوریا دەمێننەوە، لە عێراق ئەرکی شەڕکردن لە ئەستۆ ناگرن، چونکە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان کاری باش ئەنجامدەدەن. هێزەکانمان بەردەوامدەبن لە مەشق و راهێنانەکانیان و دابینکردنی پێداویستی سەربازی و رێنمایی کردن و پێدانی زانیاری هەواڵگری بە ئامانجی بەردەوامبوون لە جەنگ دژی داعش".

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی دۆسییەی ئەو وەرگێڕە عێراقییانەی کار لەگەڵ هێزەکانیان دەکەن، رایگەیاند، بەرنامەیەکیان داناوە تایبەت بە کۆچکردن بۆ ئەو کەسانەی لە عێراق بۆ ماوەی چەند ساڵێکە یارمەتی هێزەکانیان داون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ئەمریکا کۆتا سەربازی خۆی لە ئەفغانستان کشاندەوە. دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان پاش ٢٠ ساڵ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان و کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵکرد، جۆرێک لە نائارامی رووی لەو وڵاتە کردووە.


کـ ، ئ








گەلەری