سەردێڕ:

ئەمریکا: لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لەجەنگدا نین، با واز لە ئێمە و گەلی عێراق بێنن

AM:09:41:15/07/2021

5368 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراقدا لە جەنگدا نین، هەربۆیە داوایان لێدەکەین واز لە ئێمە و گەلی عێراق بێنن تا بتوانین عێراق دروستبکەینەوە.


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراقدا لە جەنگدا نین، هەربۆیە داوایان لێدەکەین واز لە ئێمە و گەلی عێراق بێنن تا بتوانین عێراق دروستبکەینەوە.

جۆی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە دیدارێکدا لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەی خۆرهەڵاتی نزیک لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە رایگەیاند، لەچەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی.

لەبارەی گروپە چەکدارییەکانەوە جۆی هود وتی، "ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە جەنگدا نین، بۆیە داوایان لێدەکەین واز لە ئێمە و گەلی عێراقی بێنن تا ئاوەدانی بکەینەوە".

دەشڵێت، گروپە چەکدارییەکان دژی دیموکراتین و دەزانن هەرگیز کۆمەکییان ناکەن، ئەوان دژی مافی مرۆڤن. بەحکومەتی عێراقیان راگەیاندووە، پێویستە روبەڕوویانبێتەوە و بیانباتە بەردەم دادگا.

لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق یاریدەدەرەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە زۆرترین کۆمەکی پێشکەشی عێراق کردووە، پارەمان بۆ زیاتر لە ١٣٠ قوتابخانە تەرخانکردووە، سەرەڕای ئەوەی پارەمان بۆ ٥٧ بنکەی تەندروستی و شەش نۆرینگە و ٦٢ بنکەی چارەسەری ئاو و ١٧ وێستگەی لاوەکی کارەبا و سێ نەخۆشخانە خەرجکردووە".

لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان و رۆژنامەنوس و چالاکوانانەوە، ئاماژەی بەوەشدا، لەهەموو هەلێکدا ئەوان گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی کردووە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، پێێان راگەیاندون، پێویستە لەسەریان پارێزگاری لە خۆپیشاندەرە مەدەنییەکان و چالاکوانانی کۆمەگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەمریکا و عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیجی تایبەت بە پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە ٧ی نیسانی ٢٠٢١ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دوو شاندی گەورەی دوو وڵات لەبارەی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارەکانی ئەمن و روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئابوری و وزە و ژینگە و بابەتە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕی کەلتوری گفتوۆگۆیان سازکرد.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە نزیکەی ٥٠ جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەنبار و فڕۆکە خانەی نێودەڵەتی بەغدا و هەولێر و  باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و کاروانی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمبی چێنراو هێرشیان کراوەتەسەر، لەبەرامبەردا ئەمریکا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانەوە بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردەکات.

كـ ، ئـ













گەلەری