سەردێڕ:

وەزارەتى کارەبا:بەرهەمهێنانى کارەبا کەمیکردووە

PM:05:53:01/09/2021

4660 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی غازی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتەوە نزیکەی پێنج هەزار میگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە.


وەزارەتی کارەبای عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی کارەبا بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، سیستمی کارەبای نیشتیمانی دووچاری ئاڵەنکارییەکى نوێ بووەتەوە بەو پێیەی هاوردەکردنی بڕی غازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی غازی هەناردەکراو لە ٤٩ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە و بەوپێیەش بێت پێنج هەزار مێگاوات کارەبا کەمتر بەرهەم دەهێنرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا هەماهەنگی دەکەن بۆ بەکارهێنانی سوتەمەنی جێگرەوە بۆ ئەوەی بڕی کارەبای لەدەستچوو بگەڕێننەوە باری ئاسایی.

باسی لەوەشکردووە، پەیوەندییان بە وەزارەتی وزەی ئێران و باڵیۆزەکەیان لە بەغدای پایتەختەوە کردووە بۆ روونکردنەوەی هۆکاری کەم ناردنی غاز و چارەسەرێکی کاتی بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمی لە هاویندا خواست لەسەر کارەبا زیاتردەبێت و هاوڵاتییانى عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گرفتی کارەبایان هەبووە و ئەمساڵیش بەهۆی شەڕی تاوەری کارەبا زیانێکی زۆر بەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە کەوتووە.








گەلەری