سەردێڕ:

کچە یوتوبەرێکی ئەفغانی پێش کوژرانی پەیامی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە

AM:09:21:01/09/2021

26556 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوای چوار رۆژ لە کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵ لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبنەوە، کچە یوتوبەرێکی ئەفغانی کۆتا گرتەی ڤیدیۆیی خۆی کە تیایدا پەیامی ماڵئاوایی تۆمارکردبوو بڵاوکردەوە و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش کاتێک ھەوڵیداوە لە وڵاتەکەی بڕواتە دەرەوە، لە ھێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵدا کوژرا.


ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، کچە یوتیوبەرە ئەفغانییەکە ناوی نەجمە سادقییە و تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە و لە کۆتا ساڵی خوێندنیدا بووە لە پەیمانگای رۆژنامەوانی کابوڵ. یەکێک بووە لەو ژمارە گەنجانەی ئەفغانستان کە یوتیوبییان بەکارھێناوە بۆ دەستختنی بژێوی ژیانی خۆیان خێزانەکانیان.
لە ڤیدیۆکانیدا زیاتر سەرنج خستبووە سەر ھونەری ئامادەکردنی خواردن و دەرخستنی ژیانی رۆژانەی خەڵک لە شاری کابوڵ. لە ڤیدیۆکانیدا بەردەوام بە جلوبەرگی سەرنج راکێشەوە دەردەکەوت لە باکگراوندی گرتەڤیدیۆکانیدا پارچە میوزیکێکی دڵخوازی خۆی دادەنا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن، لە کۆتا گرتەی ڤیدیۆییدا، کە لە کەناڵی یوتیوبی "ئەفغان ئینسایدەر" بڵاوی کردووەتەوە کە زیتر لە ٢٤ ملیۆن بینەری ھەبووە، نەمجە سادقی بەبێ ئومێدییەکی زۆرەوە دەرکەوتووە و تیایدا دەڵێت، "بە لەبەرچارگرتنی ئەوەی رێگەنادەن لە ماڵ بچینەدەر و کاربکەین، پێویستە لەسەرمان ھەموومان کۆتا گرتە ڤیدیۆیی خۆمان تۆمار بکەین، منیش لە کۆتا گرتە ڤیدیۆی خۆمدا پێتان دەڵێم: خواتان لەگەڵ".
لەبەشێکی دیکەی گرتە ڤیدیۆییەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ناتوانێت لە ماڵەوە بێتەدەرەوە و بە شەقامەکاندا بڕوات و دەڵێت، ژیان لە کابوڵ سەخت بووە، بەتایبەتی بۆ ئەوکەسانەی فێربوون ئازادانە بژین و ئاسودەبن.
دەشڵێت، "ئومێد دەکەم ئەمە خەوێکی ناخۆشبێت، رۆژێک لە رۆژان کە بەخەبەرھاتم کۆتایی ھاتبێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە روونادات، راستییەکەی ئەوەیە، ئێمە کۆتاییمان ھات".
بە گوێرەی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن، نەجمە سادقی یەکێک بووە لەوگەنجانەی لە قۆناغی نەبوونی تاڵیبان و جۆرێک لە ئاسایشیدا ژیاون و ئەو نەوەیەبوون لە ئەفغانستان کە دروستکاری قۆناغێکی نویی ژیان بوون، نەک سەردەمی کۆتایی ھاتنی تاڵیبانیان بیرنایە، بەڵکو ئاگادارنەبوون پێش ١١ی سپێتەمبەر چی روویداوە و ژیان چۆنبووە.
رۆھینا ئەفشار، یەکێک لە ھاوڕێ کچەکانی نەجمە سادقی بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، "ئێمە ئەمکارانەمان کردووە بۆ دەست خستنی بژێوی ژیانمان، باوکم مردووە و براکەشم نەگەیشتووەتە تەمنێک بتوانێت کاربکات، ناچاربووم ئەوکارەبکەم، لە ئێستاشدا لە ترسا ناتوانم ئەوکارەبکەم، کەسیش نییە بژێوی ژیانمان بۆ دابین بکات، ژینامان تەواو سەختە".
لەلایەکی دیکەوە، باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کردووە و ئاماژەبەدەکات کە بەھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەیناسن و بیستوویەتی دەنگۆی ئەوە ھەیە بەدواداچوون بۆ ئەوکەسانە دەکرێت کە کەناڵەکانی راگەیاندندا دەرکەوتوون، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لا دروستکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێھشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەھۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە." بەشێک لەبەکارھێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یوتیوبەرەکانی ئەفغانستان ترسی ئەوەیان ھەیە کە تاڵیبانی ئێستا تەواو جیاوازە لە تاڵیبانی رابردوو، چونکە لە ئێستادا دەتوانن بە ئاسانترین رێگە بگەنە ھەرکەسێک بیانەوێت و ئەکەسەی شوێنپێیھەڵدەگرن تا دەستگیری بکەن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن تەواو ئاسانبووە. 
 
کـ ، ئـ













گەلەری