سەردێڕ:

حەشدی شەعبی: دەسەڵاتمان بەسەر بەشێک لە گروپە چەکدارەکاندا نییە

PM:11:17:31/08/2021

6092 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەرپرسیارییەتی حەشدی شەعبی لەو هێرشانە رەتکردەوە کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، دەسەڵاتییان بەسەر بەشێک لە گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا نییە.


فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "حەشدی شەعبی پابەندە بە رێکەوتنی واژۆکراوی نێوان بەغدا و واشنتن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق."

پێشتر و لە میانی سەردانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکادا، بەغدا و واشنتن رێککەوتن لەسەر کشانەوەی تەواوی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو ٣١ی کانونی ئەمساڵ.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق ناکاتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە جیاوازیی لە نێوان گروپەکانی حەشد و گروپەکانی چەکدارەکانی دیکەدا بکرێت کە ئێمە لە دەستەی حەشد دەسەڵاتمان بەسەریاندا ناشکێت."

لە ماوەی رابردوودا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بەردەوام بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراقدا دەکرانە ئامانج.

ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات کە چەندین جار هەڕەشەی کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە ئەگەر عێراق جێنەهێڵن.

حەشدی شەعبی ساڵی ٢٠١٤ لە ژمارەیەک گروپ و چەکداری خۆبەخش کە زۆرینەیان شیعەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا و لە ئێستادا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون و فالح فەیاز ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئاشکراکرد و وتی، "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی ١٤٩ هەزارە کە ٤٠ هەزاریان لە ناوچەکانی رۆژئاوان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن."













گەلەری