جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى ئەمجارەدا ھەموو رێگايەك گيراوەتە بەر بۆ رێگريكردن لە ساختەکاریی و زۆربەى وڵاتانى جیهان چاودێریى بەڕێوەچوونى پرۆسەكە و ئەنجامەكانى دەكەن.
حەسەن كەعبى جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، ئەنجومەنى کۆمسيارانى ھەڵبژاردنەكان لە رابردوودا حزبى بوون و لايەنگريیان ھەبوو، بەڵام ئەم ئەنجومەنەى ئێستا لەلایەن پەرلەمان و ئەنجومەنى دادوەرییەوە هەڵبژێردراون و سەربەخۆن.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، دڵنیایی تەواو دەدەن بە دەنگدەران و هاوڵاتییانى تەواوى عێراق کە دەنگەکانیان
پارێزراوە و حزبەکان تواناى ساختەکارییان لە دەنگەکاندا نییە.
بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و
وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد
دەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی
گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند،
"پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن
بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."
پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی
عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان
زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.