سەردێڕ:

کازمى لەبارەى هەڵبژاردنەوە داوایەک ئاراستەى هاوڵاتیان دەکات

PM:03:32:31/08/2021

4600 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى هەڵبژاردنەوە داوایەکى ئاراستەى هاوڵاتییان کرد و هانیدان بەشدارى بەرفراوان بکەن لە هەڵبژاردنەکە.


ئەمرۆ سێشەممە، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەمیانەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق داواى لە هاوڵاتیان کرد کە بایکۆتى هەڵبژاردنى پێشوەختە نەکەن کە چەند هەفتەیەکى کەمى ماوە و بەشدارییەکى بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.

رونیشیکردەوە، بایکۆتکردنى هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانى رابردوودا بووە هۆى دروستبوونى چەند کێشەیەک و بەشداریکردنى هاوڵاتییانى لە هەڵبژاردنەکە بە گرنگ ناوبرد.

کازمى گەڕانەوەى رەوتى سەدر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکە بە هەنگاوێکى گەورە ناوبرد و داواشى لەسەرجەمى ئەو لایەنە سیاسیانە کرد کە بایکۆتى هەڵبژاردنەکەیان کردووە پاشگەزببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو کارئاسانییەک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لەوادەى خۆیدا، کراوە.

هەڵبژاردنى پێشوەخت لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ ئەنجامدەدرێت و لەنێوخۆیى عێراقدا کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان هەموو ئامادەکارییەکى بۆ ئەنجامدانى تەواوکردووە و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش پشتیوانییەکى زۆر لەسەر ئەنجامدانى پرۆسەکە دەکرێت لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا. 













گەلەری