سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: وەرەقەی دەنگدان بە شێوەیەک دروستکراوە ناتوانرێت کۆپی بکرێت

AM:11:27:30/08/2021

2076 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق رایگەیاند، هەموو رێکارە تەکنیکی و یاساییەکان تەواو بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، وتیشی، وەرەقەی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر جیاواز دروستکراوە، کە ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک کۆپی بکرێت.


جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی عێراقی راگەیاند، گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی دەنگدان چارەسەرکراون، ئەوەش بە ئامانجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاریی.

راشیگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن کارتی دەنگدان وەربگرنەوە بە مەبەستی رێکارەکانی هەڵبژاردنیش پاش ٧٢ کاتژمێر لە دەنگدان کارتەکان لەکاردەخرێن.

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران ئاماژەى بەوەشکرد، دەنگدانی تایبەت ٤٨ کاتژمێر پێش وادەی دەنگدانی گشتی ئەنجام دەدرێت، کۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا رادەگەیەنرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داواکارییان لە ٥٠ وڵات و ٢٥ رێکخراوی جیهانی کردووە بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشت و چاودێری پرۆسەکە دەبێت.

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.








گەلەری

‌بەپەلە