سەردێڕ:

وەرگێڕە ئەفغانیەکان لەدەرگای داخراوی بەریتانیا دەدەن

PM:08:06:29/08/2021

6568 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکان بڵاویان کردەوە، دەیان وەرگێڕی ئەفغانی دوای ئەوەی چەندین ساڵە کار لەگەڵ سوپای بەریتانیا دەکەن، بەبیانوی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە ، رێگەیان پێنادرێت کۆچ بۆ ئەو وڵاتە بکەن.


ئاماژەیان بەوەشداوە، دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر زۆربەی شارەکانی ئەفغانستاندا گرت، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ئەو وەرگێڕانە دەربڕی کەکاریان لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتەدا کردووە.

ئەوەشیان خستوتەڕوو، دەیان کەس لەو وەرگێڕانە لەلایەن بەریتانیاوە رەتکراونەتەوە بەبیانوی هەڕەشەیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.

باسیان لەوەشکردووە، پارێزەری یەکێك لە وەگێڕەکان بەڵگەنامەی رەتکردنەوەی رەوانەی دادگا کردووە بەمەبەستی روونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەو کەیسە.

ماڵپەری ئیندیپێندێنت بڵاویکردەوە، دادگاى باڵای بەریتانیا لە نامەیەکیدا بڕیاریداوە روونکردنەوەی زیاتر لەسەر رەتکردەنەوەی ئەو کەسە تاوەکو رۆژی هەینی رابردوو بداتە پارێزەرەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێك نەدراونەتەوە.

راشیگەیاندووە، یەکێك لە وەرگێڕەکان لەگوندێکى نزیك لە کابوڵی پایتەخت لەگەڵ خانەوادەکەیدا خۆی حەشارداوە.

دەشڵێت، ئەو وەرگێڕە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و چەکدرانی بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵمەتێکی پشکنین و گەڕانیان دەستپێکردووە و یەکێك لە داواکراوەکان ئەو کەسەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و سەرۆکى ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە ژمارەیەکی زۆی هاوڵاتی ئەفغانی لەو وڵاتەوە بۆ ئەڵمانیا و ئەمەریکا و بەریتانیا و تورکیا و چەند وڵاتێکی تر گوازراونەتەوە.













گەلەری