سەردێڕ:

دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی کابوڵ بیسترا

PM:03:49:29/08/2021

10808 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاوی کردەوە، لە نزیک فڕۆکەخانەی حامید کارزایی نێودەوڵەتی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک فرۆکەخانەی کابوڵی نێودەوڵەتی بیستراوە.

بەشێک لە میدیا جیهانییەکان ئاماژەبەوەدەدەن، تەقینەوەکە دەنگی ئاڕ بی جی بووە. هاوکات، تائێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانە گیانی و مادییەکانی تەقینەوەکە نەزانراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەترسی هێرشکردنەوە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ ماوە و تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردان و روبەڕوبوونەوەی داوەتە فەرماندە سەربازییەکان لە ئەفغانستان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرماندە ئەمنییەکان پێیان راگەیاندووە کە دڵنیان لەوەی لە ماوەی نێوان ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داهاتوودا هێرشێکی توند دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ.

باسی لەوەشکردووە، تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردان و روبەڕوبوونەوەی داوەتە فەرماندە سەربازییەکان لە ئەفغانستان بە ئامانجی پاراستنی پیاو و ژنە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە.

٢٦ی ئەم مانگە، پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ روویداوە و ٩٠ کەس لەنێویاندا ١٣ سەربازی ئەمەریکی گیانیان لەدەستداوە و ١٥٠ کەسی تر برینداربوون و لەپاشان رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەکەى راگەیاند.

دوای تەقینەوەیەکش، جۆ بایدن باسی لەوەکرد، ئەگەر پێویست بکات لە دوای ٣١ی ئەم مانگەش بەردەوام دەبن و ئەو هاوڵاتییە ئەفغانیانە جێناهێڵن کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کاریان کردووە.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەفغانستانی کرد و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهات، هەزاران هاوڵاتی ئەفغانیش بە مەبەستی جێهێشتنی وڵاتەکەیان و راکردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان، چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."

دوێنێش، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی داعش لە کابۆڵی پایتەختی ئەفغانستان. هەر لەمڕۆشدا فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئەمەریکا کەسێکیان بە تۆمەتی پلاندانەری هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی حامید کارزای لەکابوڵی پایتەخت لە هەرێمی نانگەهار، کوشت.

 













گەلەری