AM:10:03:29/08/2021
102164 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، ئەرکی شکستهێنان بە داعش لە عێراقدا هێشتا تەواو نەبوە و پشت بە توانای هێزە عێراقییەکان دەبەستێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەداوە، ئەرکی شکستهێنان بە رێکخراوی داعش لە عێراق تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتوه ئەمەش پشت بەهێزە عراقییەکان دەبەستێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، واشتنۆتن جەخت دەکاتەوە لەسەر
پابەندبونی بە رێککەوتنی ستراتیجی نێوان واشنتۆن و بەغدا و بەهێز و سەقامگیر و گەشەسەندنی عێراقەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان شاری
کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد، لە یەکەم وتاریدا جۆ بایدن سەرۆکی
ئەمریکا رایگەیاند، "سوپای ئەفغانستان دەبوو خۆیان بەرگرییان بکردایە نەک سەربازەکانی
ئێمە. چیدیکە ئامادەنین کوڕ و کچی خۆمان بە کوشت بدەین". لەتویتێکیشیدا
ئاماژەی بەوەدا، لە زۆر وڵات دژی تیرۆر جەنگاون، بەڵام بەبەردەوامی لەو وڵاتانەدا
نامێننەوە.