سەردێڕ:

چۆن جەنگێکی نهێنی لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەڕێوەدەچێت؟

PM:11:40:28/08/2021

13956 جار خوێندراوەتەوە

هەڵهاتنی ئیدوار سنۆدن گەورە کارمەندی بواری تەکنەلۆجی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بۆ چین و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی چین بۆ سەر پێگە ئەلیکترۆنییە هەستیارەکانی ئەمریکا و جیهان و گەڕانەوەی هەزاران توێژەری چینی لە دەزگا باڵا ئەکادیمییەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان و دواتر سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، ئەو ئاماژانەن کە جەنگێکی نهێنی لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەڕێوەدەبرێت.


لە هاوینی ٢٠١٣ ئیدوار سنۆدن، گەورە کارمەندی بەشی تەکنەلۆجی لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا هەڵهات و سەرەتا خۆیگەیاندە چین و دواتر گەیشتە روسیا، ئەمەش هەڵایەکی بەناوی "ئابڕوچوونی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی" دروست کرد و چووە ناو مێژووی ئەو دەزگایەوە.

هەڵهاتنەکەی سنۆدن هێندە کاریگەربوو، ئاراستەی سیاسەتی لە ئەڵمانیای گۆڕی و پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە پەکخست.

پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، بۆ چی ئیدوار سنۆدن سەرەتا رویکردە چین و دواتر چووە روسیا؟ لەکاتێکدا سنۆدن ئاگاداربوو بەسەر وردەکاری ئەو پلانانەی ئەمریکا لە دژی چین بەردەوام دایدەڕشتن.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نوسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و شرۆڤەکاران و بەرپرسانی هەواڵگری، پێشبینی ئەو سیناریۆیانەیان کردووە کە لە ساڵی ٢٠٤٠ لەرووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵاتییەوە روو لە ئەمریکا و جیهان دەکەن.

ناوەندی گرنگی پێدانی داهاتووی ئەمریکا چینە

لە ١٢ی مانگی ئابی ئەمساڵدا، ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ پەردەی لەسەر ئەو دیدە لادە، کە ئەمریکا بەنیازە ناوەندی گرنگی پێدانی سەربەخۆ و تایبەت بە چین دابمەزرێنێت. ئەمەش واتە دامەزراندنی نوسینگەیەکی تایبەت بە چاودێری کردنی رەفتارەکانی چین لەناو دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.

کێ لەپشت دەگازکەوەیە و ئامانجەکانی چین؟

ئاشکرایە ولیام بیرنز، بەڕێوەبەری نوێی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکی بەشێوەیەکی تایبەت گرنگیدەدات بە چین لەناو دەزگاکەدا، دوای ئەوەی چین بۆ ماوەیەکی درێژ بەشێک بوو لە ناوەندی ئەرکەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن لەناو دەزگاکەدا.

سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکاری سەرەکی گرنگی پێدانی چڕی چینە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی چین رەتیانکردەوە هاوکاری لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بکەن.

ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بە ئامانجی بەرگرتنە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و رێگرتنییەتی لە دووبارەبوونەوەی. لەناو ئاژانسی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکاشدا دیدێک هەیە، کۆرۆنا چەکێکی بایۆلۆجییە و دژی ئەمریکا بەکارهێنراوە.

هۆکارێکی دیکە لەپشت دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت بە چاودێریکردنی چین، جگە لە شێوازی سیخوڕی کردن، دامەزراندنی ئەو دیوارە ئەتۆمییەیە کە لەژێر زەویدا دەستی پێکردووە و مانگە دەستکردەکان ئاشکرایان کردووە.

هاوکات، چین نەیشاردووەتەوە کە ئارەزوی زیادکردنی کڵاوە ئەتۆمییەکانی دەکات و لە ساڵی ٢٠٣٠ دەبێتە خاوەنی دەیان هەزار کڵاوەی ئەتۆمی و ئەمەش تەنها هاوسەنگی لە بوونی ئەتۆمدا دروستناکات، بەڵکو بەهێزکردنی سەرچاوەی بێزارکردنی ئەمریکایە، جگەلەوەی چیدیکە چین تەنها بە هێزی دراو روبەڕووی ئەمریکا نابێتەوە.

ئایا مەترسی چین بۆتە جێی سەرنج؟

لە سەرەتاکانی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، جۆن دیمیرس یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند، زیاتر لە هەزار توێژەری چینی لە ئەمریکا چوونەتەدەرەوە و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی دزین و دزەپێکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکان.

بە گوێرەی چاوگێک لە دەزگای توێژینەوەی فیدڕاڵی، ئەو توێژەرە گەنجە چینییانەی ئەمریکایان بەجێهێشتووە، لە هاککەرە دیارەکانی چینن کە بەرپرسن لە بەدەستهێنانی زانیاری و داتا و دزینی توێژنیەوە زانستییەکان لە پەیمانگا و زانکۆ ئەمریکییەکان و تاقیگە گشتییەکانی ئەو وڵاتەدا.

پێشتر، لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٠، مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، کونسوڵخانەی چینیان لە هیوستن داخستووە، چونکە ببوو بە سەرچاوەی سەرهەڵدان و مۆڵگەی سیخوڕی کردن بەسەر سامانە فیکری و زانستی و بازرگانییەکانی ئەمریکا و ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان هەلیکار لە وڵاتەکەیدا.

لەهەمان کاتدا، وەزیری دادی ئەمریکا لیستێکی ئاشکرا کرد تیایدا چوار توێژەری چینی تێدابوو کەلە ئەمریکا خوێندوویانە و ئاشکرابوون پەیوەندییان بە سوپای سوری چینیەوە هەبووە و یەکێکیان هەڵهاتووە بۆ کونسوڵخانەی چین لە سانفرانسیسکۆ.

وتیشی، ئەو چوار توێژەرە، بەشێکبوون لە هەوڵەکانی چین بۆ دزکردنە ناو دامەزراوەکانی ئەمریکا بە ئامانجی دەستخستنی زانیاری زانستی و تەکنەلۆجی.

پێشتریش، لەمانگی ئایاری ٢٠٢٠ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا چینی بەوە تۆمەتبارکرد، کە هاککەرەکانی هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو تاقیگە و دامەزراوە زانستییەکانەوە بە ئامانجی دزینی توێژینەوەکان و هەوڵەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

لە بارەی چاودێریکردنی جیهانەوە لەلایەن چینەوە

لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لێدوانیان دەست پێکرد لەبارەی هاککەر و هێرشە ئەمنییە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن چین و ئێرانەوە بەهاوبەشی بۆ دزە پێکردنی هەوڵی زانا ئەمریکییەکان سەبارەت بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنالی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هاککەرە چینی و ئێرانییەکان بەشێوەیەکی بەهێز هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو زانکۆکانی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان و چاودێری تەندروستی، بە ئامانجی دروست کردنی لەمپەر لەبەردەم بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

لە دیدی ئەمریکییەکاندا، چین هاوشێوەی ئەستێرەی دەریا بەجیهاندا هەموو پەلەکانی بڵاکردووەتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی چین بۆ سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە رێژەی ١٣٠٪ زیادی کردووە.

لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و یابان و کەنەدا و نیوزلەندا و پەیمانی باکوری ئەتڵەسی رایانگەیاند، لەلایەن چینەوە "هێرشێکی پیسی ئاسایشی ئەلیکترۆنییان" کراوتەسەر.

هەڵخەڵەتاندنی ئاسمان

بیڵ گیرتز، نوسەری نوێی ئەمریکی لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩دا لە ژێر ناونیشانی "هەڵخەڵەتاندنی ئاسمان"دا وتارێکی نوسی و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، چین لەڕێگەی دوو دامەزراوەیەوە بەناوەکانی 3PLA کە تایبەتمەندە بە دزینی تەکنەلۆجیای سەربازی و 2PLA تایبەتمەندە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی چەکە ئەمریکییەکانەوە سەرقاڵی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانییەتی، سەرەڕای ئەوەی 4PLA دەزگایەکی تایبەتمەندە بە سیخوڕی کردن و دزە پێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و دزەکردنە ناو ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە.

لەلایەن خۆیەو رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری چین بەرنامەی "بویزن ئیڤی" لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی تایبەتمەند بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی کڕیوە کە پەسەندترین بەرنامەیە لەلای سوپای چینەوە و بۆ کاری سیخوڕی کۆکردنەوەی زانیاری و داتا بەکاریدەهێنێت. بەرنامەکە دەتوانێت وێنەبگرێت و گرتەی ڤیدیۆیی تۆماربکات و دۆسییەکان بدزێت و پاسۆردەکان بکاتەوە.

کامەران ئەحمەد













گەلەری