سەردێڕ:

خامنەیی لەبارەی ئەفغانستانەوە هاتە دەنگ

PM:10:06:28/08/2021

12440 جار خوێندراوەتەوە

رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستان ئەمریکایە کە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو وڵاتەی داگیر کرد.


بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی دەوڵەتی ئێران، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە میانی پێشوازییکردنی لە ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی سه‌رۆکكۆماری وڵاته‌كه‌ی، ئیبراهیم رەئیسی وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد، لە قۆناغی حکومەتی پێشوودا متمانەی هاوڵاتییان بە حکومەت لاواز بووە.

عەلی خامنەیی راشیگەیاند، پێویستە سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکرێت. وتیشی، سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستان ئەمریکایە کە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو وڵاتەی داگیر کرد.

خامنه‌یی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ئەفغانستان کرد و رایگەیاند، "ئەمریکییەکان لە پرسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا زۆر بێشەرمانە مامەڵەیان کرد و بە بەرچاوی هەمووانەوە تاکلایەنە لە رێککەوتننامەکە کشانەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی ئێران لە رێککەوتننامەکە کشابێتەوە کەوتنە داواکاری و مەرج دانان. بەم شێوەیەش گاڵتەیان بە دانوستانەکان کرد، وڵاتانی ئەورووپاش هاوشێوەی ئەمریکا رەفتاریان کرد".

رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دانوستانەکانی تایبەت بە چالاک کردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا هاوشێوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رەفتاری کردووە و وتی، "حکومەتی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی پێشوو جیاوازی نییە. هەرچەندە بە رووکەش داواکارییەکانیان لە ئێران جیاوازە بەڵام لە راستیدا هەمان خواستی ترەمپیان هەیە".

عەلی خامنەیی باسی لەوە کرد کە ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە و دەڵێت، "ئەمریکا تەنانەت یەک هەنگاویشی بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان نەناوە، ئەگەر لە ئێستادا ئەفغانستان لە روانگەی گەشەپێدانەوە لە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەدواتر نەبێت، لە پێشتر نییە. ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە. ئەمریکا وای کرد لە ٢٠ ساڵی داگیرکاریدا بۆردومانی ئاهەنگ و پرسەکان، دەستگیرکردنی کەسانی بێتاوان و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر ١٠ هێندە زیاد بکات".

خامنەیی ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە پشتیووانی لە گەلی ئەفغانستان دەکەین. حکومەتەکان دێن و دەڕۆن ئەوەی کە دەمێنێتەوە گەلی ئەو وڵاتەیە. بایەخی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتەکان پەیوەستە بە ئاستی پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمەدا."

ئەفغانستان هاوسنورە لەگەڵ ئێراندا و لەم ماوەیەی رابردووشدا کە چەکدارانی تاڵیبان ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکرد، چەندین هاوڵاتی ئەفغانی خۆیان گەیاندووەتە سنورەکانی ئەو وڵاتە.

هـ.ئـ








گەلەری

‌بەپەلە