سەردێڕ:

راگەیەنراوی کۆتایی لوتکەی بەغدا

PM:07:17:28/08/2021

6284 جار خوێندراوەتەوە

راگەیەنراوی کۆتایی لوتکەی بەغدا بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان چڕبکرێنەوە بە ئامانجی سەقامگیری ناوچەکە. هاوکات، دەستپێشخەری عێراق بۆ گەیشتن بە زەمینەیەکی هاوبەش لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەڵەتی بەرز نرخێنران.


ئەمڕۆ شەممە، لەدوای کۆتایی هاتنی لوتکەی بەغدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیەنراوی کۆتایی لوتکەکەی خوێندووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆتایی، سازکردنی لوتکەکە لە بەغدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی عێراق پشت بە سیاسەتێکی هاوسەنگ و هاریکاری ئەرێنی دەبەستێت لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا.

ئامادەبوان پێداگربوون لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراق دەبێت هەوڵی زیاتر بدات بە ئامانجی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک نوێنەرایەتی ویستی گەلی عێراق بکات.

لە راگەیەنراوی کۆتایدا هاتووە، بەشداربووان دانیان بەوەداناوە کە ناوچەکە روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری هاوبەش دەبێتەوە کە داخوازی ئەوەیە لەسەر بنەمای ئەمنی هاوبەش و بەرژەوەندی ئاڵوگۆڕپێکراو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

لەبارەی بەردەوامبوونی ئاوەدانکردنەوە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆرەوە، بەشداربووانی لوتکەکە پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی فیدڕاڵی دووپاتکردەوە و هەموو جۆرەکانی تیرۆریشیان رەتکردەوە.

لەبارەی گۆڕانی کەش و هەوا و پلەکانی گەرما، راگەیەنراوی کۆتایی لوتکەکە ئاماژەی بەوەداوە، هەموو لایەک رێککەوتوون لەسەر هاریکاریکردن و هەوڵدانی هاوبەش بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییەی بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و پلەکانی گەرماوە هاتوونەتە ئاراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لوتکەی هەرێمی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بە بەشداری حکومەتی عێراق و سعودییە و ئیمارات و ئێران و کوەیت و قەتەر و میسر و ئەردەن و تورکیا و ئێران و فەرەنسا و رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و رێکخراوی هاریکاری کەنداو سازکرا.








گەلەری

‌بەپەلە