سەردێڕ:

زانیارى نوێ لەسەر دەستگیرکردنى قاچاخچییەکى گەورەى کورد لە بەریتانیا

PM:12:12:28/08/2021

23792 جار خوێندراوەتەوە

ئارى مەجید ئەو قاچاخچییە کوردەى وڵاتى بەریتانیا کە بەرپرسە لە هێنانى ٨٠ ملیۆن جگەرەى نایاسایى بۆ ئەو وڵاتە و دابەشكردنی بەسەر تۆڕێكی بازرگانیكردن بەجگەرەی قاچاغ، لەلایەن دادگاوە بە زیندانیکردنى هەشت ساڵ سزادرا.


دادگا ئارى وەک سەرۆكی بازنەیەكی بازرگانە چەتەكان ناوهێناوە و تاوانی هێنانی لێشاوی ملیۆنان جگەرەی قاچاغی داوەتە پاڵ.

ئاری كە وەك كەسێكی بێكار خۆى ناساندووە، لەڕێگای بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و لۆریی و دواتر پەڕینەوە بەكەشتی بۆ بەریتانیا ئەو جگەرە نایاسایانەی هێناوەتە ئەو وڵاتە.

كۆی ئەو جگەرانە لەلایەن فەرمانگەی داهات و باج و گومرگى بەریتانیاوە (HMRC) دەستیان بەسەردا گیراوە و بە ملیۆنەها دانە هەژمار دەکرێن، جگەرەکان لەناو لۆرییەكان و لەناو کانتینری بارهەڵگرو یەکەی کۆگاکاندا دۆزراونەتەوە، کە هەندێکیان لەنێوان پێداویستییە پزیشکیەکاندا شاردراونەتەوە.

ئەوەش رونکراوەتەوە، هەموو ئەوانە لەڕێگای ئاری مەجیدەوە بەسەر تۆڕێكی دیكەدا دابەشكراون.

بەپێی مەزندەی فەرمانگەی داهات و باج و گومرگی بەریتانیا، بێ لێدەركردنی باج كۆی نرخی ئەو جگەرە نایاسایانە بەهاکەیان ٢٢ ملیۆن پاوەندە.

ئارى تەمەن ٣٦ ساڵە و بە سپیكردنەوەی پارەی نایاسایی تاوانباركراوە و لەو کارەدا دوو کەسى دیكەی خەڵكی ئەوروپای خۆرهەڵاتی دانیشتوی بەریتانیا هاوبەشییان کردووە.

کارمین دی فرانکۆ، یاریدەدەری بەڕێوبەر، لەبەشی خزمەتگوزاری و لێکۆڵینەوەی ساختەکاری، لە ئێچ ئێم ئار سی، دەڵێت: ئاری مەجید ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لەدابەشکردنی بڕێکی زۆر لە جگەرە نایاساییەکان لەسەرانسەری بەریتانیا. بەوهۆیەش فەرمانگەی خزمەتگوزاری گشتی داهات و باج و گومرگ، لەملیۆنەها پاوەندی باج بێبەش بووە. ئەمەش بۆتە هۆی خۆ دزینەوە لەباج و كۆكردنەوەی پارە و بەڕێوەبردنی بازرگانی نایاسایی.

هەروەها دەڵێ "جگەرە هەرزانەکان بەنرخێكی هەرزانتر دەست دەكەون، كە لەڕووی تەندروستیەوە زیانمەندن. زۆرجاریش بەپارەكانی تاوانی تری ڕێکخراو و چالاکی نایاسایی ئەنجام دەدرێن. ئەوانیش زیانێکی ڕاستەقینە بەکۆمەڵگاکانمان دەگەیەنێت، وەک ماددەی هۆشبەر، چەک و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، هەموو ئەوانە قاچاغچیەکان تەنها مەبەستیان تێدا كۆكردنەوەی پارەیەو تاوانباران هیچ گرینگی نادەن بەکێى دەفڕۆشن، تەنانەت زۆرجار بەمنداڵیش دەفڕۆشرێت.

لەگەڵ ئەوەش ئێمە هانی هەركەسێك دەدەین كەزانیاری هەیە لەسەر فرۆشتنی توتن و جگەرە و خواردنەوە کهولییە نایاساییەکان، لەڕێگای ئۆنلاین و ژمارە تەلەفۆنەكانمانەوە ئاگادارمان بكەنەوە.

ئێچ ئێم ئاڕ سی، فەرمانگەی گومرگ، لەچەندین شوێنی جیاواز دەستی بەسەرجگەرەكاندا گرتوە، كە لەنێوان مانگی ئایاری ٢٠١٨ ونیسانی ٢٠١٩ لە ناوچە جیاوازەکانى بەریتانیا، لەوانە: ١٥ى حوزەیرانی ٢٠١٨دا ١١ ملیۆن جگەرە لە یەکەی کۆگایەك لەشاری ماسترێکس، دەستی بەسەردا گیراوە.

١٥ی ئەیلولی ٢٠١٨، ٥.١٠ ملیۆنی دیكە، لەیەکەیەکی کۆگا لە هاگگیت لەڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی ڕیدینگ، یۆرکشایر، دەستی بەسەردا گیراوە، كەهەندێک لەجگەرەکان لەناو كانزادا شاردرابوونەوە.

لە ١٩ و ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا ١٣.5 ملیۆن جگەرە لە کانتینری گواستنەوەدا دۆزراوەتەوە. جگەرەکان لەناو سندوقەکانی مقەبادا شاردراونەتەوە، کەلەپشت باردا داپۆشراون و لەناو كارتۆنی پزیشکیەوە داپۆشرابون.

بەپێی لێكۆڵینەوەكان، زیاتر لە ٤٨ملیۆن جگەرەی دیكەش، بەقاچاغ لەلایەن ئاری مەجید و تۆڕەكەیەوە هێنراوەتە بەریتانیا. كە بڕی پارەكەی بەبێ لێدەركردنی باج، دەگاتە٢٢ملیۆن پاوەند.

ئاری مەجید، لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩ لەلایەن ئەفسەرانی ئێچ ئێم ئار سی لەماڵەکەی خۆیدا، دەستگیرکراوە و بەپێی بەڵگەكانی ناو مۆبایلەكەشی، تاوانەکەی پشتڕاست کراوەتەوە.

لوکازاك، كەهاووڵاتییەكی ئەوروپیە، كەئەویش بەشداری لەتۆڕەكەی ئاریدا هەبووە، لەهەوڵی گواستنەوەی ١.2 ملیۆن پاوەند پارەی كاش بووە کە لەڕۆژهەڵاتی دۆک، دۆڤەر، لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ دەستی بەسەردا گیراوە. پارەکەلەناو ئۆتۆمبێل و چەند ئامێرێكی پیشەسازیدا حەشاردراوە، كەلە پشتەوەی لۆری باركراوبوون.

كەسێكی دیكەش كە هاوشانی ئەوان بەشداربووە لەو بازرگانیە ناشەرعیەدا گیراوە لەوكاتەدا.

ئەو ٨٠,000 پاوەند پارەی هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن پۆلیسەوە، لەکۆڤێنتری ڕاگیرا كەناوی کۆکسانوویچ بوە، لەناو ئۆتۆمبێلدا سەرنشین بووە لەگەڵ پیاوێكی دیكە لەشوێنی ڕووداوەکە دەستگیركراون، كەئەویش پاشان ٦٠٠٠پاوەندی كاشی لەماڵی (لوکاسۆک) دەستی بەسەردا گیراوە.

ئاری مەجید، دوو تاوانی بەسەردا ساغ كراوەتەوە لەدادگا، تاوانی فێڵكردن لەداهاتی گشتی و سپیكردنەوەی پارەی نایاسایی، دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایكردنیان لە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢١ لەدادگای باڵای وارویک، هەروەها دوو هابەشەكەی دیكەی ئەو كوردەش، دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە.

کازوك، دانی بە تاوانەکانی پارە سپی كردنەوەدا ناوە، كەلە دانیشتنێکدا لەدادگای تاجی وارویک، بەڕێوەچوە لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢١.کۆکسانوویچ، دانیبەوەدا نا کەبەشداری كارو لەچالاکی گروپەكەدا كردوەو ئەویش لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا دادگایی كراوە.

ئاری مەجید و لوکاسوک ڕۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠٢١ لە دادگای باڵای وارویک سزادران. ئاری مەجید، سزای هەشت ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لەهەمان كاتیشدا، لوکازوك، بەسێ ساڵ زیندانی سزادرا. هەرەوەها بڕیارە لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢١دا کۆکسانوویچ، سزا بدرێت.

پیاوێكی دیكەش بەناوی ڕادۆسلاف ڤاڤلیکی، كە خەڵكی سلۆڤاکیایە بەبڕی ١٢٥٠٠٠ پاوەندەوە گیراوە، كە ئەویش پارەكانی لەلایەن ئاری مەجیدەوە پێدراوە، بۆ ئەوەی بۆی بگوازێتەوەو ئەویش لەدادگای باڵای شارۆچكەی وارویک لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ سزای ٢٧ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.













گەلەری