سەردێڕ:

هێزە ئەمنییەکان بکوژى نورزان شەمەرییان ئاشکرا کرد

AM:08:40:28/08/2021

24484 جار خوێندراوەتەوە

هێزە ئەمنیەکانی عێراق بکوژى نورزان شەمەرییان ئاشکرا کرد کە رۆژى پێنجشەممەى رابردوو بە چەقۆ کوژرا، ئاماژە بەوەش کراوە "بکوژەکە براى نورزان بووە".


بەڕێوبەری فەرمانگەی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەرێگەی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغداوە، برای نورزان شەمەری بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیر کراوە و کێشەی خێزانی لەنێوانیاندا بووە.

سەعد مەعن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی کوژرانی نورزان شەمەری، بڵاوکردەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبارەکە بەهاوکاری دوو کوڕەکەى کارەکەی ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا دوو کوڕەکەى دەستگیر نەکراون.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، تۆمەتبارەکە دانی بەکوشتنی خوشکەکەیدا ناوە و لیپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

باسی لەوەشکردووە، دەستگیکردنەکە بە فەرمانی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق بووە و لەلایەن بریکاری وەزارەتی ناوخۆوە بۆ کاروباری پۆلیس بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی لە بەغدا تەرمی کچێک بە ناوی نورزان شەمەریی دۆزرایەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکیان لەبارەی کوژرانی نورزان شەمەرییەوە پێکهێناوە و دەردەکەوێت ئەو کارە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە و چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادوەرین.

سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشداوە، زانیاریەکان دەریدەخەن شەمەری لەلایەن سێ کەسەوە و بە چەقۆ کوژراوە.













گەلەری