گفتوگۆی دروستبوون و نەبوونی خواردنی بەشێک لە خواردنە دەریاییەکان لە تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاند، بابەتەکە نوێ نییە و هەڵوێستیان شتێکی نوێی تێدا نییە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکان "دیانەت" خواردنی گوێچکە ماسی و رۆبیان و قڕژاڵ و کەرکەندی بە نادروست داناوە و دەڵێت، ئەم خواردنە دەریاییانە خواردنیان حەڵاڵ نییە.
دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، سەرۆکایەتی کاروباری
ئاینەکان، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لە وروژاندنی فەتواکە و لە تویتێکدا رایگەیاند،
هەڵوێستیان لە بارەی خواردنە دەریاییەکانەوە نوێ نییە.
دیانەت ئاماژەی بەوەشداوە، فەتواکەیان لە بارەی حەڵاڵ نەبوونی
خواردنی ئەو خواردنە دەریاییانەوە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویان
کردووەتەوە و فەتواکەش وەڵامی پرسیاری کەسێک بووە لەبارەی دروست بوون و نەبوونی
خواردنی ئەو خواردنە دەریاییانەوە.
سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێک
لە خواردنە دەریاییەکان دروست نییە بخورێن و لە ئیسلامدا حەرامکراون، لە قورئاندا
رێگە دراوە بە خواردنی خواردنە دەریاییەکان تەنها ئەوانەی لەناو ئاودا دەژین، بەڵام
وشکاوەکییەکان، ئەوانەی لەناو ئاو و وشکانیشدا دەتوانن بژین خواردنیان رێگە پێدراونییە.
لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دیانەت باسی لەوەکردووە، بە
گوێرەی مەزهەبی حەنەفی، کە تورکیا پەیڕەوی لەو مەزهەبە دەکەن، رۆبیان و گوێچکە ماسی
و قڕژاڵ و کەرکەند خواردنیان رێگە پێدراو نییە، بەڵام لە مەزهەبی شافیعیدا، خواردنی
بۆق و قرژاڵ و کیسەڵی ئاوی و ماری ئاوی رێگە پێدراو نین.
دەشڵێت، ئەو ئاژەڵە دەریاییانەی لە وشکانیشدا دەژین، کاتێک
رێگە پێدراون بخورێن ئەگەر هاوشێوەی ئەو ئاژەڵانەبن کە لە وشکانیدا دەژین و دەخورێن.
کـ، ئـ