سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. وردەکاری نوێ لەبارەی کوشتنی نورزان شمەرییەوە

PM:02:28:27/08/2021

52612 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا چەند کەسێک کە بە وتەی خۆیان کەسی نزیکی نورزان شەمەرین وردەکاری نوێ لەبارەی کوشتن و ئەو زنجیرە رووداوانەی ژیانی ئەو کچەی پێدا تێپەڕیوە دەخەنەڕوو.


کەسەکان لە رێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە رایانگەیاند، "نورزان بە دەستی مامی کوژراوە کە لەناوچەی توراس چەقۆی لێداوە."

ئاماژە بەوەشدەکەن، هەر لە منداڵییەوە مامەکەی و دایکی توندوتیژییان بەرامبەر نورزان بەکارهێناوە، کاتێک بووەتە ١٣ ساڵان بە زۆرەملێ هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوێکدا پێکردووە کە ٢٠ ساڵ لەو گەورەتربووە، دوای ماوەیەک بەهۆی کێشەی نێوانیان لێک جیابوونەتەوە.

ئەو کەسانە دەشڵێن، جارێکی دیکە دایکی و مامی هاوسەرگیری بە نورزان دەکەنەوە، بەڵام ئەمجارە دەیدەن بە کەسێکی بەخشراو کە رۆژانە لە نۆرزانی داوە و نورزان ویستوویەتی لێی جیابێتەوە، بەڵام مامەکەی لێیداوە و گێراویەتییەوە بۆ لای هاوسەرەکەی.

لە کۆتاییدا نورزان لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و ئەمجارەیان مامی ویستوویەتی بیدات بە کوڕێکی خۆی، بەڵام نورزان رازی نەبووە، چونکە کوڕە مامەکەی لەخۆی بچوکتربووە.

کەسەکان لە درێژەی قسەکانیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو، نورزان لە ساڵی ٢٠١٨ ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە و خوێندن تەواو بکات، بەڵام مامی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.

ئەو کەسانەی کە خۆیان بە خزمی نزیکی نورزان دەناسێنن لە درێژەی لێدوانەکەیاندا دەڵێن، "ئێمە ئاگاداربووین نورزان لە ژوورێکدا دەژیا و دۆخی ئابوری ماڵەوەیان زۆر خراپبووە، بەردەوام پەیوەندیمان پێوەکردووە ، دوای ئەوەی لە ماڵەوە هەڵهاتووە لە ترسی ماڵەوەیان ناوی خۆشی گۆڕیوە."

یەکێک لەو کەسانەی خۆیان بە خزمی نزیکی نورزان ناساندووە وتی، پێش چەند رۆژێک قسەی لەگەڵ کردووە، جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی نورزان دەست درێژی سێکسی نەکراوەتە سەر، بەڵکو لەلایەن مامی و کوڕەکانیەوە پێکەوە کوشتوویانە هەر بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئەمنی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و رێگەنەدەن خوێنی بە فیڕۆ بڕوات.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە، دوێنێ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکیان لەبارەی کوژرانی نورزان شەمەرییەوە پێکهێناوە و دەردەکەوێت ئەو کارە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە و چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادوەرین.

کـ. ئـ













گەلەری