سەردێڕ:

عێراق بەشێک لە قوتابخانەکانی دەکاتە ئەلیکترۆنی

PM:01:38:27/08/2021

2696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، رێکخراوەکانی یونیسکۆ و یونیسێف و یەکێتی ئەوروپا دەستپێشخەرییەکیان پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە لەبارەی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ بەشێک لە قوتابخانەکانی عێراق.


موسەننا عەلی بەڕێوەبەری بەشی ئامار لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەمەودوا ئاماری سەرجەم زانیارییەکانی وەزارەت و فەرمانی کارگێڕی و کارەئیدارییەکان لە کاغەزەوە دەبن بە ئەلیکترۆنی.

ئەوەشی خستەڕوو، "پرۆژەکە کارتێداکردن و پارەی پێویستە، بەڵام ئەمە خۆگونجاندنە لەگەڵ قۆناغی نوێی ئەم سەردەمە نوێیە لە کۆکردنەوەی زانیاری و شیکارکردن و چارەسەرکردن و دەرهێنانی ئەنجامەکان، سەرەڕای ئەوەی پرۆژەکە پێداویستییەکانی خوێندکاران پڕدەکاتەوە و کارەکانیان ئاسانتردەکات."

موسەننا عەلی ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەکە بە دەستپێشخەری رێکخراوی یونسکۆ و یونیسێف و یەکێتی ئەوروپا جێبەجێدەکرێت.

لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی پلانی پرۆژەکەوە باسی لەوەشکرد، سەرەتا پرۆژەکە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رەسەفای سێ جێبەجێدەکرێت کە ٦٠٨ قوتابخانە دەگرێتەوە، دوای ئەوەی کۆی زانیارییەکانیان خرانە ناو سیستمە ئەلیکترۆنییەکەوە و راپۆرتی ئاماری لەسەر هەموو ئاست و بوارەکاندا ئامادەکران، ئەوا لە قۆناغی دووەمدا هەشت بەڕێوەبەرایەتی دیکە دەخرێنە سەر سیستمەکە و دواتر سیستمەکە لەسەرتاسەری عێراقدا دەگشتێنرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، رێکخراوی یونیسکۆ لە عێراق رایگەیاند، سێ هەزار قوتابخانە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان بۆ دابیندەکرێت و دواتر هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و سەرجەم قوتابخانەکانی عێراق بە سیستمەکەوە دەبەسترێنەوە.

کـ. ئـ













گەلەری