سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا: ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتر رەوانەی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەکەین

AM:09:04:27/08/2021

1992 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە تەقینەوەکانی کابوڵدا ٩٠ هاوڵاتی و ١٣ سەربازی ئەمریکا و ٢٨ چەکداری تاڵیبان کوژراون و سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتر رەوانەی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەکەن.


ئێوارەی دوێنێ چەند تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی کابوڵ روویاندا و بەهۆیانەوە ٩٠ هاوڵاتی ئەفغانی و ١٣ سەربازی ئەمریکی و ٢٨ چەکداری تاڵیبان کوژران.

لەبارەی هێرشەکەشەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانیان پێشبینی ئەو جۆرە هێرشانەیان کردبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانیویانە ١٠٠ هەزار ئەمریکی و ئەفغانی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە بگوازنەوە و لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئەوانەی ماون بەردەوام دەبن.

جۆ بایدن دەشڵێت، ئەگەر پێویست بکات لە دوای ٣١ی ئەم مانگەش بەردەوام دەبن و ئەو هاوڵاتییە ئەفغانیانە جێناهێڵن کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کاریان کردووە.

هاوکات، بەرپرسێکی تاڵیبان رایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەیاندا نییە لە دوای ٣١ ی ئەم مانگە.

هەر دوێنێ، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان راگەیاند.








گەلەری