سەردێڕ:

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکانی کابوڵ راگەیاند

PM:11:49:26/08/2021

9208 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان راگەیاند.


رێکخراوی چەکداری داعش بڵاویکردەوە، دوو چەکداری رێکخراوەکە توانیوویانە ئەو بەربەستە ئەمنییانە ببڕن کە هێزەکانی ئەمریکا و چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان لە دەوروبەری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دایانناوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، خۆکوژێک توانیوویەتی بگاتە گردبوونەوەیەکی وەرگێڕ و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا کاردەکەن لە کەمپی بارانی نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ و لە رێگەی پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی پێیاندا تەقاندوەتەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە ئاکامی ئەو هێرشە خۆکوژییەدا نزیکەی ٦٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکە برینداربوون کە چەکدارانی تاڵیبانیشیان لە نێودایە، دەشڵێت، لەو هێرشە خۆکوژییەدا زیاتر لە ٢٠ سەربازی ئەمریکا لە نێو کوژراو و بریندارەکاندان.

ئەوەش هاتووە، ئەنجامدەری هێرشەکە نزیکەی پێنج مەتر لەو هێزە ئەمریکییەوە دووربووە کە سەرپەرشتی رێکارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان دەکرد کە سەدان وەرگێڕ و ئەو کەسانەی تێدابووە کە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا کاریان کردووە وەک ئامادەکاریی بۆ دەربازکردنیان لە ئەفغانستان.

لەلای خۆیەوە، كێنیت ماكێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو دوو هێرشەی کراوەتەسەر فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان ١٢ سەربازی ئەمریکا کوژراون و ١٥ی دیکە برینداربوون.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی دوو تەقینەوەی خۆکوژییەوە لە دەروازی فڕۆەکەخانەی کابوڵ زیاتر لە ٦٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکیان سەربازی ئەمریکیین.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەفغانستانی کرد و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهات، هەزاران هاوڵاتی ئەفغانیش بە مەبەستی جێهێشتنی وڵاتەکەیان و راکردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان، چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."













گەلەری