سەردێڕ:

قائانی: دەبێت هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا بکرێت

PM:07:14:26/08/2021

4740 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یاریدەدەری سەرۆکی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پەیامێکی ئاڕاستەی عامری و مالیکی کردووە و وتوویەتی، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بەبێ بەشداری سەدر ئەنجام بدرێت."


چاوگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، یاریدەدەری ئیسماعیل قائانی سەرۆکی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسای ئاگادارکردەوە کە پێویستە بەبێ بەشداری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

چاوگەکە لە زاری یاریدەدەرەکەی قائانییەوە ئەوەشی وتووە، "پەڕاوی چاکسازی سەدر وەرنەگرن و بە رێککەوتن لەگەڵ حزب و فراکسیۆنەکانی دیکەدا بەشداری هەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠دا بکەن."

باسی لەوەشکردووە، ئێران ئارەزوو دەکات حکومەتی نوێی عێراق بەبێ موقتەدا سەدر پێکبهێنرێت.

هەر ئەمڕۆ، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردن دوای مانگ و نیوێکی دیکە و لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە، هاوکات رەوتی سەدریش بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە.

دوێنێش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.













گەلەری