وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ روویداوە و چەند کوژراو و بریندارێک هەیە.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە دەرگای سەرەکی فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا روویداوە و چەند کوژراو و بریندارێک هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
کەسێک لە دەرگای سەرەکی فرۆکەخانەکەدا خۆی تەقاندوەتەوە و دەنگی تەقەیەکی زۆر لە
دوای تەقینەوەکە بیستراوە.
جۆن کێربی ئەوەشی
خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون
نازانرێت.
دوای ئەوەی
بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەفغانستانی کرد و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهات،
هەزاران هاوڵاتی ئەفغانیش بە مەبەستی جێهێشتنی وڵاتەکەیان و راکردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان،
چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە.
رۆژی ١٥ی ئەم
مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان،
چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی
ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە
خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."