سەردێڕ:

مستەفا کازمى:هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت

PM:03:24:26/08/2021

4716 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق لەوادەى خۆیدا و دواى مانگ و نیوێکى تر ئەنجام دەدرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەنوساندا لەپەراوێزی لوتکەی بەغداددا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق وتى "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و گرنگداین کە لەپاش مانگ و نیوێکی دیکە، ئەنجام دەدرێت.

دوێنێش، لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جنین پلاسخارت نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق جیاواز بێت لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨.

تائێستاش، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە، هاوکات رەوتی سەدریش سورە لەسەر ئەوەی بەشداری لەهەڵبژاردنەکە نەکات و لەسەردانەکەشیدا بۆ هەولێر، هەریەکە لە نوری مالیکی و مەسعود بارزانی جەختییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا کردەوە.

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.









گەلەری

‌بەپەلە