سەردێڕ:

کازمى پێشوازى لەو هاوڵاتییە کرد کە لە رێگەى ئێن ئاڕ تییەوە سکاڵای خۆى گەیاند

PM:08:29:25/08/2021

8224 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشوازى لەو هاوڵاتییە کرد کە لە پەخشێکى راستەوخۆى ئێن ئاڕ تیدا لەبارەى روخاندنى خانوە زێدەڕۆکانى خەڵکانى کەمدەرامەت سکاڵایەکى خۆى گەیاند.


نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گرتەیەکى ڤیدیۆیى پێشوازیکردنى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە هاووڵاتییەک بڵاوکردەوە کە لە پەخشێکى راستەوخۆى ئێن ئاڕ تیدا لەکاتى روخاندنى زێدەڕۆییەکانى ناوچەکەیان لە ناوچەى زەعفەرانییە لە شارى بەغدا پەیامێکى ئاراستەى بەرپرسانى عێراق و سەرۆکوەزیران کرد.

بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەکە مستەفا کازمى بەڵێن بە هاووڵاتییەکە دەدات کە چیتر زێدەڕۆییەکانى خەڵکانى هەژار و کەمدەرات تێک نادەن و هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیان دەدەن.

هەروەها کازمى ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانیان کردووە ڕوخاندنى زێدەڕۆییەکانى خەڵکانى هەژار و کەمدەرامەت رابگیرێت و هەوڵ دەدەن بەیاسا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و شوێنى نیشتەجێبوون بە بێبەرامبەر بۆ خەڵکانى هەژار دروست بکەن.

پێشتر ئەو هاوڵاتییە لە پەخشێکى راستەوخۆدا لە دواى روخاندنى زێدەڕۆییەکان داواى لە بەرپرسان کرد کە وەک چۆن هەستاون بە تێکدانى زێدەرۆییەکان ئاوهاش مافى ئەوان بدەن.

وتیشى "قەرەبوومان بکەنەوە و چۆن شوێنى کارەکانمان تێکدەدەن لەبەرامبەردا شوێنى دیکەمان بۆ دروست بکەن و کرێمان لێ وەربگرن".

هۆشدارى ئەوەشیدا "چۆن قوتى ماڵ و منداڵى ئێمەتان بڕى بیر لە قوتى خۆتان و منداڵەکانیشتان بکەنەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو هاوڵاتییەی لە بەرنامەیەکی ئێن ئاڕ تیدا وتی، "لە هەرێم کێشە و گرفت نییە و خەڵک وەزعی زۆر باشە" و تەشهیری بە کەناڵی ئێن ئاڕ تیش کرد، دوێنێ سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بانگهێشتی کرد و لەسەر قسەکانی خەڵاتی کرد و بە کوردپەروەر ناوی برد.

 













گەلەری