ئەندامێکی ئەنجومەنی شورای یەکگرتوو رایگەیاند، پێوستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان دەست لە کاربکێشنەوە. هاوکات ئەندامی مەکتەب سیاسی شیوعی رایگەیاند، "لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئاستی پێشەواییان کەمە".
ئەمڕۆ سێشەممە، هەریەک لە ئەبوکاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی و بەهزاد زێباری ئەندامی ئەنجومەنی شورای یەکگرتوو لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و بەسەرچوونی ماوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکی هەرێمەوە گفتوگۆیان کرد.
ئەبوکاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی رایگەیاند،
بابەتی درێژکردنەوەی پەرلەمان دوو لایەنەیە لە پێشتریش تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە
و هیچ فراکسیۆنێکیش نەکشاوەتەوە.
وتیشی، لە ئێستادا کەمبوونەوەیەک لە دیموکراسیەتی
هەرێم بەدی دەکرێت، چونکە سیستەمە دیموکراسییەکان لە کاتی خۆیدا ناکرێت و ئەگەر
بشکرێت گۆڕانکاری دروست نەکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمەوە
دەسەڵاتی دامەزراوەکانی هەرێم لەلایەن پارتی و یەکێتی کۆنتڕۆڵکراوە و لەم جارەش بەبێ
بوونی پاساو و بەبێ ئەوەی هەرێم لە دۆخێكی ناهەموار بێت تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە.
دەشڵێت، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئاستی پێشەواییان
کەمە.
ئەبوکاروان ئاماژەی بەوەشدا، هەریەکە لە کۆمسیۆنی
باڵای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای هەڵبژاردن خۆی دەڵێت تەمەنی پەرلەمان
چوار ساڵە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری یاساییەوە هەڵوێستی ئەم لایەنانە وەرناگیرێت.
باسی لەوەشکرد، بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوو گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی هەرێم دروستدەکات و لە هەڵسەنگاندنی رابردوو دەرکەوتووە
کە تەنها ١٠٪ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی وتیشی، پێویستە
لەلایەن خەڵکەوە هەلێکی حوکمکردن بدرێت بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە نەک تەنها چاوەڕێی
گۆڕانکاری لەوانەی رابردوو بکرێت.
لەبەرامبەردا، بەهزاد زێباری ئەندامی ئەنجومەنی
شورای یەکگرتوو رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو جینین پلاسخارت پەیکی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە چەندین کۆبوونەوەدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە تەمەنی پەرلەمان درێژنەکەنەوە
و هەڵبژاردنەکان دوا نەخەن، بەڵام دوو حزبی دەسەڵات بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بە
جووڵەکانی پەرلەمانەوە دەکە.ن
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەموو لایەنەکان هەڵوێستی
خۆیان هەبێت لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و لە ٦ی ١١ەوە بێنە دەرەوەی هۆڵی
پەرلەمان و دەوامی نایاسایی نەکەن.
دەشڵێت، "داوا لە پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن
دەکەم دەست لەکاربکێشنەوە."
بەهزاد زێباری ئاماژەی بەوەشدا، دوو حزبی دەسەڵات
دەیانتوانی بە دەنگی زۆرینە وابکات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت درێژکردنەوەی پەرلەمانیش
تەنها بەهۆی یەک لایەنی سیاسیەوە نییە، بەڵکو لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان هەریەکە
لە یەکێتی و پارتییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە پێنج رۆژی داهاتوودا
تەمەنی یاسایی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت بەسەردەچن و سەرجەم
دامودەزگاکانی هەرێم ناشەرعی دەبن. هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. پێشتریش جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە ٦ی
١١ی ٢٠٢٢بەدواوە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئامادەی دانیشتنەکانی
پەرلەمانێکی تەمەن بەسەرچوو و نایاسایی نابن و موچە وەرناگرن.