سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەموارکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار پەیوەستەبە بانکی ناوەندییەوە و ئەوانیش پابەند دەبن بە بڕیارەکانی بانکی ناوەندییەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی
چەندین دۆسیەی جیاوازی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان
بە هاوڵاتییان گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
یەکێک لەو دۆسییانەی
گفتوگۆیان لەبارەوەکردووە هەموارکردنەوەی نرخی دۆلار بووە بەرامبەر دینار و
لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، هەموارکردنەوەی
نرخی دۆلار و بەرزکردنەوەی نرخی دینار پەیوەستە بە بڕیار و رێنماییەکانی بانکی
ناوەندی عێراقەوە.
دەشڵێت، ئەوان بە تەواوەتی
پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەو رێکار و بڕیارانەی بانکی ناوەندی لەبارەی نرخی دۆلار و
دینارەوە دەریان دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی
١٣ی ١٠ی ٢٠٢٢ محەمەد شەمری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، لەسەر
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی نوێ پێویستە بۆ سەرکەوتنی کابینەکەی جەخت لەسەر
چەند خاڵیک بکاتەوە، لەوانەش نرخی دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو،
"سودانی تاوەکو ئێستاش سورە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار،
بەڵام بڕیارێکی گرنگ هەیە کە ئەوەیە یاسای بودجەی عێراق و ئابوری عێراق بەوجۆرە رێکخراوە
کە یەک دۆلار بەرامبەر بە هەزار و ٤٤٨ دینار جێگیرکراوە."
دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لەدوای
دەستبەکاربوونی کابینەکەی مستەفا کازمی، بانکی ناوەندی عێراق نرخی دۆلاری بەرزکردەوە
و ١٠٠ دۆلاری لە ١٢٠ هەزار دیناری عێراقییەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ هەزار لە بانکەکاندا
و بەو جۆرەش بە ١٤٨ هەزار لە بازاڕدا مامەڵەی پێوەکرا.