سەردێڕ:

ئایا نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە شاری سلێمانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟

PM:05:04:01/11/2022

12300 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و نرخی یەک ئەمپێر لە حەوت هەزار و ٥٠٠ دینار دەستپێدەکات.


ئەمڕۆ سێشەممە، تاریق سەمیر سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی گاز بەشێوەیکی کەم دابەزیووە، بەڵام بەوشێوەیە نییە کە بتوانن نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی داهاتووە نرخی یەک ئەمپێری مۆلیدە لە پارێزگاکانی هەرێم لە حەوت هەزار و ٥٠٠ دینارەوە دەستپێدەکات بۆ نۆ هەزار دینار.

دەشڵێت، دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بەگوێرەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبابووە، هەندێک لە مۆلیدەکان ١٥٠ کاتژمێر کارەبایان بە هاوڵاتییان داوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرنامەی دابەشکردنی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بە هەمان شێوەی رابردوو دەبێت و رێژەی کارەبا کەمناکرێتەوە و نرخی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان لە گەرێکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازی دەبێت.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی رابردوودا ٥٨ دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، خشتەی پێدانی كارەبای مۆ‌لیدەی ئەهلی بۆ مانگی تشرینی دووه‌م (مانگی ١١) له‌ كاتژمێر ١٢ی نیوه‌ڕۆ بۆ ١ی شه‌و ده‌بێت، له‌گه‌ڵ کاتژمێر ٦ و ٣٠ خوولەک بۆ ٨ی بەیانی.

راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆ‌لیدە ئەهلییەکان بە ٥٨ دینار دیاریكرا، كه‌به‌ تێكڕایی مۆلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان ١٣٠ بۆ ١٥٥ كاتژمێر كاریان كردووە.

دەشڵێت، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان حەوت هه‌زار بۆ نۆ هه‌زار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه ‌بۆ مۆ‌لیده‌كان دانراوه‌ و كاتژمێڕی كاركردنیان تۆمارده‌كات.

هاوكات، راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، نرخی ئه‌مپێری شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و ناو بازاڕ زیاتر ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر كاریان كردووه‌.

باسی لەوەشکردووە، ئەو خاڵە دووپاتكراوەتەوە كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی بە ١٠ خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی مۆ‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.



کارزان تاریق - سلێمانی












گەلەری