وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە ١٠٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە بەهای زیتر لە نۆ ملیار دۆلار فرۆشراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا بڕی ١٠٤ ملیۆن و ٨٣١ هەزار و ١٢٠ بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی تشرینی یەکەم نۆ ملیار و
٢٥٨ ملیۆن دۆلار بووە.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کێڵگە نەوتییەکانی
کەرکوک بڕی دوو ملیۆن و ٤١٧ هەزار و ٨٩٣ بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە
رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
باس لەوەشکراوە، بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لە
کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی و باشووری عێراق ١٠٢ ملیۆن و ٧٠ هەزار بەرمیل نەوت
بووە.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت ئەوەشی ئاشکراکردووە، بڕی نەوتی بەرهەمهاتووی
رۆژانە گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٣٨٢ هەزار بەرمیل، ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی تێكڕایی یەک
بەرمیل نەوت ٨٨.٣١ دۆلارە.
لەلایەکی دیکەوە خالد حەمزە بەرێوبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە رایگەیاند،
ئاستی تێکڕایی هەناردەکردنی کۆمپانیاکە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە،
بەشێوەیەک رێژەی هەناردەکردنی دەریایی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو ٣.٢٩ ملیۆن
بەرمیل بووە و داهاتی ئەم بڕە نەوتەش زیاترە لە ١٠٢ ملیۆن دۆلار بووە.