PM:04:11:01/11/2022
100288 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ راگیراوە. دەشڵێت، "بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو ١ی ١١ی ٢٠٢٢ رێگەپێدراوبووە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو ١ی ١١ی ٢٠٢٢ دەتوانرێت بهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و دواتر تەنها رێگە بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ساڵێک لە ١ی تشرینی دووەم مۆدێلێک ئۆتۆمبێل لادەبرێت
و رێگە بە هێنانە ژوورەوەی جۆرێکی دیکە دەدرێت.
وتیشی، بۆیە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل
٢٠٢٠ تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو رێگەپێدراو بووە و لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی راگیراوە.
هاوکات، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاشکرای
کرد، ئەوەی هەیە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە و بۆ هەموو دەروازە سنوورییەکانە لە پەروێزخانیش
جێبەجێدەکرێت، لە کاتژمێر ١٢ ی شەوی رابردوەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ راگیراوە.