رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، سەربازێکی خانەنشینی بەریتانی دوای ئەوەی زانیویەتی رێکار و رینماییەکانی وڵاتەکەی سودی بۆی نابێت، بڕیاردەدات بەشێوەیەکی سەیر خۆی لە ئەفغانستان دەرباز بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە زاری لوید کۆمەری تەمەن ٦٠ ساڵ بڵاویکردەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە ئەفغانستان دەرباز بکات جلی ئەفغانی لەبەرکردووە تا نەناسرێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە،
گومانی نەبووە رێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هیچ سودی بۆی نابێت و
ناتوانن لە ئەفغانستان دەربازی بکەن، هەربۆیە ئەو شێوازەی گرتووەتەبەر.
چەند رۆژێک دوای
کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، پلانی هەڵهاتن و خۆ دەربازکردنی
داناوە.
لوید کۆمەر ئەوەشی
خستووەتەڕوو، پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانییەوە کردووە لەوەڵامدا پێیان
وتووە، "جارێ بمێنەرەوە و ئارامبگرە، بەم نزیکانە دێین و دەربازت دەکەین".
بۆ رۆژنامەکەی
ئاشکراکردووە، "لە رێگەی هاوڕێکانمەوە لە دەزگای هەواڵگری ئەمزانی بزوتنەوەی
تاڵیبان وردە وردە نزیک دەبنەوە لەو شوێنەی لێی بووم".
وتیشی، رۆژی
دواتر هاوڕێکانی پێیان راگەیاندووە پەلە بکات تا خۆی دەربازبکات، بەڵام جارێکی دیکە
پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە و هەمان شتی پێشوویان پێ راگەیاندووە.
لوید کۆمەر دەشڵێت،
هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نەمابوو جگە لەوەی جلی ئەفغانی لەبەربکات تا نەناسرێتەوە،
یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە درێژایی ٤٠ میل چاوساغی بۆکردووە تا گەیاندوویەتی
بە ئوتێل بارۆن لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵی نێودەوڵەتی کە هێزەکانی بەریتانیای لێ کۆبوونەتەوە.
باسی لەوەشکرد،
بەو جلوبەرگانەوە و لە ئۆتۆمبێلێکی تیۆتای بچوکدا بە سێ خاڵی پشکنینی چەکدارانی تاڵیباندا
تێپەڕبووە، تەنها سڵاوی لێکردوون و ئەوانیش وەڵامیانداوەتەوە و وایانزانیوە هاوڵاتی
ئەفغانییە.
لوید کۆمەر راشیگەیاندووە،
دوای چوار رۆژ لەگەیشتنەوەی بە بەریتانیا وەزارەتی دەرەوە ئیمێڵێکیان بۆناردووە تا
هەواڵی بپرسن ئاخۆ لەشوێنی خۆی ماوەتەوە و هێشتا لە ئەفغانستان ماوەتەوە؟
ئەمە لەکاتێکدایە،
لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو
وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی
کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و حکومەتی ئەفغانستان
رووخا و سەرۆکى ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.
کـ، ئـ