سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنێکی جیاواز

AM:08:28:25/08/2021

2036 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، عێراق نزیکدەبێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جیاواز. دەشڵێت، "لەڕوی هونەرییەوە دڵنیاین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".


جەلیل عەدنان خەلەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی باڵی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە چوارچێوەی پێشوازی کردنی لە باڵیۆزانی سوید و نەرویج رایگەیاند، عێراق نزیک دەبێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جیاواز کەلەسەر داوای خۆپیشاندەرانی زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێکهاتەی خودی کۆمسیۆن لە ئێستادا و ئەو یاسا بەرکارانەی کاریان پێدەکات و پەیڕەوی ناوخۆی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەکەشی لەسەر داواکاری گەل و خۆپیشاندەران بووە.

جەلیل عەدنان خەلەف ئەوەشی خستەڕوو، لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنەکان هەنگاوی باشی ناوە، بەشێوەیەک لەڕوی هونەرییەوە دڵنیاین ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لەلایەن خۆیانەوە باڵیۆزی سویدی و سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی نەرویجی پشتیوانی هەردوو حکومەتی وڵاتەکانیان دووپاتکردەوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا.

راشیانگەیاند، هەردوو وڵات سەرقاڵی خۆئامادەکردن بەناردنی چاودێرەکانیان بە ئامانجی بەشداریکردن لە چاودێری کردن و بەدواداچوونی هەڵبژاردەنەکان لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردنێک دەربڕی ویستی گەلی عێراقبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە راگەیەنراوێکدا نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مستەفا کازمى جەختیکردووەتەوە، کە پاشەکشە ناکەن لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا لە ١٠ى مانگی تشرینى یەکەمى داهاتوو.

 

کـ ، ئـ








گەلەری

‌بەپەلە