سەردێڕ:

جەزائیر پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ مەغریب پچڕاند

PM:07:25:24/08/2021

28684 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی جەزائیر رایگەیاند، "بەهۆی ئەنجامدانی رەفتارە نادۆستانەییەکان و دوژمنکارانەییەکانی دژی جەزائیر، سەرجەم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتی مەغریبدا پچڕاند".


ئەمرۆ سێشەممە، رەمەتان لیعمامیرە وەزیری دەرەوەی جەزائیر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "لە ئەنجامی رەفتارە نادۆستانەییەکان و دوژمنکارانەییەکانی وڵاتی مەغریب دژی جەزائیر، بڕیارماندا سەرجەم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنین".

ئاماژەی بەوەشدا، مێژوو سەلماندویەتی، مەغریب بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپگەندەبووە دژی جەزائیر.

رەمەتان لیعمامیرە ئەوەشی خستەڕوو، "دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و میدیای مەغریب جەنگێکیان دژی جەزائیر دەستپێکردووە و دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە."

ئاماژەی بەوەشدا، پچڕاندنی پەیوەندییەکان هیچ زیانی بۆ ئەو هاوڵاتییە مەغریبی و جەزائیرییانە نابێت کە لەو دوو وڵاتەدا نیشتەجێن و کونسوڵخانەکانیان بەردەوامدەبن لە کارە ئاساییەکانی خۆیان.

رەمەتان لیعمامیرە وەزیری دەرەوەی جەزائیر دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە هاوڵاتیانی جەزائیری لەرێگەی بەرنامەی پێگاسۆسی ئیسرائیلییەوە سیخوڕییان بەسەرەوەکراوە.

وتیشی، تەنانەت لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، مەغریب رەفتارە دیبلۆماسییەکانی دژی جەزائیر ئاراستە دەکات لە ژێر ناونیشانی "پشتیوانی کردنی سەربەخۆبونی گەلی خێڵەکان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ١٧ی ئابی ١٩٩٤ەوە سنوری نێوان مەغریب و جەزائیر بەشێوەیەکی فەرمی داخراوە و مەغریب هیچ هەڵوێستێکی لەسەر ئەو کەیسە دەرنەبڕیوە. لەماوەی رابردوو لە ١٩ی تەمموزدا، جەزائیر رایگەیاند، "لەبەرامبەر کارە دوژمنکارییەکانی مەغریب ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵسەنگێنێت و پێداچوونەوەی پێدابکات."

کـ. ئـ













گەلەری