سەردێڕ:

جارێکی دیکە نرخی بەنزین بەرزکرایەوە

PM:12:51:24/08/2021

25872 جار خوێندراوەتەوە

نرخی بەنزین لە شاری هەولێر بەراورد بە پارێزگای سلێمانی بۆ هەر لیترێک ٧٥ دینار بەرزکرایەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر هۆکاری هەرزان نەبوونی نرخی بەنزین نەخستەڕوو، هەرچەندە بەڵێنی دابوو کە ٢٣ی ئەم مانگە نرخی بەنزین هەرزان ببێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەرەڕای بەڵێنی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەی کە لە ٢٣ی مانگەوە نرخی لیترێک بەنزین بە ٦٥٠ دینار بفرۆشرێت، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بەرزبووەتەوە و لەپارێزگای هەولێر، نرخی هەر لیترێک بەنزینی سۆپەر هەزار و ١٠٠ دینار و بەنزینی موحەسینیش بە ٩٧٥ دینار و بەنزینی نۆرماڵیش، بە ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەڵام، لەشاری سلێمانی بەنزینی سۆپەر بە ٩٧٥ دینار و موحەسن بە ٩٠٠ و بەنزینی نۆرماڵیش (کار) بە ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەفتەی رابردووش، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی عێراقدا رێککەوتوون کە رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم بنێرن و بەنرخی ٦٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بەهاوڵاتییان بفرۆشرێت."

 

تایبەت بەو پرسەش، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە هەریەکە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوبەرایەتی سوتەمەنییەکانی هەولێر کرد و بەڵام، وەڵامی پەیوەندییەکە نەدرایەوە.

هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و زۆرینەی ئەو بەنزینەش لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێت و لە چەند مانگی رابردوودا، بەچەند جارێک نرخی بەنزین بەرزکرایەوە و هەرجارێک نرخەکەی ٢٥ بۆ ٥٠ دینار بەرزکرایەوە تا گەیشتە ئەم نرخەی ئێستا.

لە دەستپێشخەرییەکدا و بۆ هەرزانبوونی نرخی بەنزین، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەنزینی بە ٥٠٠ دینار دابەشکرد.








گەلەری