سەردێڕ:

ژنێک بەتۆمەتی کوشتنی دوو کەس و بانگەشەکردنی پێغەمبەرایەتی دەستگیرکرا

AM:09:53:24/08/2021

8084 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سودان لە ویلایەتی جەزیرە لە باشوری خۆرهەڵاتی خەرتوم ژنێکی بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس و بانگەشەکردنی پێغەمبەرایەتی دەستگیرکرد. هاوکات، بەشێک لە شوێنکەوتوانی هەڕەشە لەو کەسانە دەکەن گومان لەسەر پێغەمبەرایەتی دروست دەکەن.


بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، پۆلیسی سودان لەناوچەی کەمبو لە ویلایەتی جەزیرە لەناوەڕاستی سودان ژنەکەی دەستگیرکردووە.

پۆلیسی سودان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پۆلیسی جەزیرە توانییویانە تۆڕێکی تاوانکاری تایبەت بە هەڵخەڵەتاندن و فێڵ و جادوکردن دەستگیربکەن کە لە ٣٠ پیاو و ژن پێکهاتوون و ژنێک سەرپەرشتییان دەکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ژنەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە لە خەویدا محەمەد پێغەمبەری بینیوە و دانیشتوانی ناوچەکە و خێزانەکەی خۆشی باوەڕیان پێکردووە. دوای ماوەیەکیش بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەستپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، چەند کەسێکی نەخۆش بە ئامانجی چاسەرکردنیان سەردانی دەکەن و ئەویش بە دار لێیاندەدات و بەهۆیەوە ژنێک و منداڵێک گیانلەدەستدەدەن.

بەشی چوارەمی ئەبوقوتە لە پۆلیسی ناوچەی حەساحیسا تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت و دوای گەڕان و پشکینین تەرمی ژنەکە و منداڵەکە لە ماڵی ئەو ژنەدا دەدۆزنەوە کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کردووە.

لەماوەی رابردوودا، لە سودان چەندین کەس دەرکەوتوون کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان کردووە و لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکەن. بەتایبەتی زۆرکەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە "مەهدی چاوەڕوانکراوە".

کـ، ئـ













گەلەری