سەردێڕ:

لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقدا سێ داعش کوژران

PM:09:23:23/08/2021

2024 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین سێ چەکداری داعش کوژران. دەشڵێت، "لە روبەڕوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی ئەو گروپە فەماندەیەکی پلە باڵای هەواڵگری برینداربوو".


ئەمڕۆ دووشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ئۆپراسیۆنیکی سەربازی بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی عێراق بۆ سەر پاشماوەکانی گروپی چەکداری داعش و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە، سێ ئەندامی ئەو گروپە کوژران.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە چەندین مۆڵگەی چەکدارانی گروپی داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین خاپورکراون.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی داعش، فەرماندەیەکی پلە باڵا بەناوی محەمەد حامید کە پلەی عەمید روکنی هەبووە و یاریدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگای سەڵاحەدین بووە بەهۆی قەناسی چەکدارانی داعشەوە بریندار بووە.

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) گروپێکی چەکداری خاوەن بیرۆکەی سەلەفی جیهادی سوننین. لەساڵی ٢٠٠٤ لە رێکخراوی قاعیدە جیابوونەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ توانیان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن. دواتر بەسەرپەرشتی ئەمریکا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگەینرا و لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی گروپەکەی راگەیاند. لە ئێستادا گروپەکە بەشێوازی گروپ و شەڕی پارتیزانی و دانانی بۆسە و چاندنی بۆمب و هێرشی موشەکی بۆ سەر کاروانی هێزەکانی سوپای عێراق و ئەمریکا و هاوپەیمانان درێژەی بە روبەڕوبوونەوەکانی داوە.

کـ ، ئـ








گەلەری