سەردێڕ:

تاڵیبان کۆتا وادەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دیاریکرد

PM:05:00:23/08/2021

11068 جار خوێندراوەتەوە

دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان و کابوڵی پایتەخت، لەیەکەم کاردانەوەیدا بزوتنەوەی تاڵیبان ٣١ی ئابی وەک کۆتا وادەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەو وڵاتە دیاریکرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، سوهەیل شاهین وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە چاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی سکای نیوزی بەریتانی هۆشداریدا لە دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان لە ٣١ی ئابدا.

ئاماژەی بەوەشدا، وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا "هێڵی سورە"و ئەگەر ئەمریکا لە ٣١ی ئاب تەواوی هێزەکانی نەکێشێتەوە ئەوا بەواتای ئەوەدێت ئەو وڵاتە بەنیازە ماوەی داگیرکارییەکەی درێژبکاتەوە و ئەمەش پێویست ناکات.

سوهەیل شاهین ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا داوای درێژکردنەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانیان بکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە دەڵێین، نەخێر. ئەگەر وانەکەن ئەوا کۆتاییەکی باشی نابێت و رووداوگەلێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئالۆزی دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانمانەوە،ئەگەر بەنیازیشن ماوەی داگیرکارییان درێژبکەنەوە ئەوا کاردانەماوەمان دەبێت".

لەلایەن خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبیندەکات وادەی کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان درێژبکەنەوە، چونکە هەزاران کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵ کۆبوونەتەوە بە ئامانجی چوونەدەرەوە لەو وڵاتە.

بن والاس وەزیری بەرگری بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی لە لوتکەی کۆمەڵەی جی حەوتی تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان بەنیازە داوا لە ئەمریکا بکات وادەی مانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە درێژبکاتەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، جەیمس هیبی وەزیری راسپێردراو بۆ سەرپەرشتیکردنی هێزەکانی بەریتانیا رایگەیاند، بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان تەنها پەیوەستنییە بە ئەمریکاوە، بەڵکو دەبێت ئەمریکا و تاڵیبان لەسەری رێبکەون.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەفغانستانەوە، چاوگێک لە بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، بڕیاری پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ژێر سایەی مانەوەی یەک سەربازی ئەمریکا راناگەیەنرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا و سەرۆکى ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.

کـ، ئـ













گەلەری