ئەحمەد شا مەسعود کوڕی سەرکردەی کۆچکردووی ئەفغانستان ڕايگەیاند، دۆڵی پەنچشیر ڕادەستی تاڵیبان ناکرێتەوە و ئەگەر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدەن ئەوان ئامادەن بەرهەڵستی بکەن و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەفغانستان لە لێواری کارەساتی مرۆییدایە .
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شا مەسعود لە لێدوانێکى بە کەناڵى عەرەبییەى وت، ئەوان ڕووبەڕووی یەکێتی سۆڤیەت بوونەتەوە و دەتوانن ڕووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ کێشەیەک لەگەڵ حکومەتێکدا نییە
کە تاڵیبان بەشداربێت تیایدا و ئەفغانستان پێویستی بە حکومەتێکی گشتگیر هەیە.
سەرکردە گەنجەکە ئاماژەى بەوەش کرد، دەیەوێت کۆتایی
بە شەڕی ئەفغانستان بهێنێت و بەدیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر تاڵیبان
دیالۆگ ڕەت بکاتەوە، هیچ ڕێگەیەک جگە لەشەڕ لەئارادانییە و ئەگەر بزوتنەوەکە لەسەر
ئەو رێگایە بەردەوامبێت زۆر ناخایەنێت.
هاوکات حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی بە بەرپرسیار
زانى لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەیی و ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکای بە خیانەت
ناوبرد.
لێدوانەکە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی
رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە
و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر
کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا و سەرۆکى ئەو
وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.