سەردێڕ:

وەرگرانى ڤاکسینە چینییەکە لە بەجێهێنانى عەمرە بێبەش دەکرێن

PM:04:30:22/08/2021

6620 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی حەج و عەمرەی عێراق رایگەیاند، هەر کەسێک ڤاکسینی دژە کۆرۆنای سینۆفارمی چینی وەرگرتبێت وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رێگەی پێنادات بچێتە ئەو وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی عەمرە. دەشڵێت، بەگوێرەی پرۆتۆکۆڵە کارپێکراوەکانی سعودییە تەنها ڤاکسینەکانی فایزەر و ئەسترازینیکا و مۆدێرنا و جۆنسۆن ئاند جۆنسن رێگە پێدراون.


جەمال بەدری بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، باڵیۆزخانەی سعودییە مامەڵەی ئەو کەسانە رایدەکات کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەر و ئەسترازینیکا و مۆدێرنا و جۆنسۆن ئاند جۆنسۆنیان وەرگرتووە و ١٥ رۆژ بەسەر وەرگرتنی ژەمی دووەمدا تێپەڕیوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی تەندروستی سعودییە تەنها ئەو چوار ڤاکسینەیان پەسەند کردووە، بەوهۆیەوە هەر کەس جگە لەو چوار جۆرە ڤاکسینە هەر ڤاکسینێکی دیکەی وەرگرتبێت رێگەی پێنادرێت عەمرە ئەنجامبدات.

جەمال بەدری وتیشی، ڤاکسینی دژە کۆرۆنای سنۆفارمی چینی لە عێراق پەسەند کراوە و کاریگەرییەکەی وەک ڤاکسینەکانی دیکە وایە، بەڵام دەسەڵاتدرانی تەندروستی سعودییە پەسەندییان نەکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، وەلید جەواد خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە لە عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، ژمارەیەک عەمرەکاری عێراقی بەهۆی ئەوەی ڤاکسینی سینۆفارمی چینییان وەرگرتبوو دەسەڵاتدارانی سعودییە رێگەیان نەداوە گەشتی عەمرە ئەنجامبدەن.

دەشڵێت، بابەتەکە بواری گفتوگۆکردن و سازشکردنی تێدانییە، چونکە سعودییە تەنها ئەو چوار جۆرە ڤاکسینە قبوڵدەکات کە خۆی پەسەندی کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک عەمرەکارانی دیکەش گەڕێنراونەتەوە ئەگەرچی ڤاکسینی فایزەر و ئەسترازینیکاشیان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ١٥ رۆژ بەسەر وەرگرتنی ژەمی دووەمیاندا تێپەڕی نەکردبوو.

هاوکات نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەلێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند" تائێستا هیچ کێشەیەکمان لەو بوارەدا نییە و لەخۆئامادەکردندا بۆ بەجێهێنانى عەمرەى ئەمساڵ کۆمپانیاکانى حەج و عەمرە لە هەرێمى کوردستان عەمرەکارانیان ئاگادار کردبوو لەرێنماییەکانى وڵاتى سعودیە لەبارەى وەرگرتنى ڤاکسینەکانى کۆرۆنا".

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، یەکەمین کاروانی عەمرەکاران لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و ئەم کاروانە بە یەکەمین گەشتی عەمرەکارانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ.

ماوەی دوو ساڵە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، گەشتی حەج و عەمرە بۆ سعودیە راگیرابوو.

کـ ، ئـ













گەلەری